رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، لە هێرشێکی "تیرۆریستیدا" بۆسەر بنکەیەکی پۆلیس لە باکووری وڵاتەکە لانیکەم 10 پۆلیس کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 5-2-2024، ئەختەر حەیات گاندەپوور، بەرپرسی پۆلیسی هەرێمی خیبەر پاختونخوا گوتی، لە سێ قۆڵەوە "30 تیرۆریست" هێرشێکیان کردەسەر بنکەیەکی پۆلیسی هەرێمەکە و بەهۆیەوە لانیکەم 10 پۆلیس کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسی پۆلیسی هەرێمی خیبەر پاختونخوا دەڵێت، هێرشەکە بەیانیی ئەمڕۆ بووە و دوو کاژێر شەڕە تەقە لەنێوان پۆلیس و "تیرۆریستەکان" بەردەوام بووە.
بە گوێرەی ئەختەر حەیات، هێرشەکە بۆسەر بنکەی پۆلیسی چودهوان لە ناوچەی دیرە ئیسماعیل خان لە هەرێمی خیبەر پاختونخوا بووە.
ئەو هێرشە "تیرۆریستییە" لەکاتێکدایە، بڕیارە 8ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان بەڕێوەبچێت و تێیدا 18 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 342 کورسی پەرلەمانی دەکەن. بۆ پارێزگاریکردنیش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بڕیارە حکومەتی پاکستان هەزاران سەرباز لە تەواوی وڵاتەکەدا بڵاوبکاتەوە.
هەرێمی خیبەر پاختونخوا کەوتووەتە سەر سنووری پاکستان و بە ناوچەیەکی لەبارە بۆ گرووپە چەکدارەکانی وەکو تاڵیبانی پاکستان و داعش دادەندرێت، کە ناوبەناو هێرش دەکەنەسەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوچەکە و دامودەزگاکانی حکومەت.
14ـی تشرینی دووەمی رابردوو میدیای سوپای پاکستان رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک "تیرۆریست" دوو سەربازیان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ