ئیسرائیل: حیزبوڵڵا مەرجەکانی ئاگربەست جێبەجێ ناکات

دوێنێ کاژێر 09:47
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ حیزبوڵڵا، کە مەرجەکانی ئاگربەستی نێوانیان جێبەجێ ناکات. هۆشداریشی دا ئەگەر بەردەوام بن، "ئیسرائیل هەنگاو دەنێت." حیزبوڵڵاش هەمان تۆمەت دەخاتە پاڵ ئیسرائیل و دەڵێت: "جارێ ئارام دەگرین."
 
رۆژی یەکشەممە 05-01-2025 یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "حیزبوڵڵا هێشتا نەچوونەتە ئەوبەر رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان." ئەمەش مەرجێکی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوە لوبنانییەکەیە.
 
کاتز ئەو هۆشدارییەی لە دوای سەردانێکی بۆ فەرماندەیی باکووری وڵاتەکەی دا و گوتی: "ئەگەر حیزبوڵڵا ئەو مەرجە جێبەجێ نەکات، هیچ رێککەوتنێک نامێنێت و ئیسرائیل ناچار دەبێت هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە هاووڵاتییەکانی بە سەلامەتی دەچنەوە ماڵەکانی خۆیان لە باکوور."
 
رووباری لیتانی سەرچاوەیەکی گرنگیی ئاوی لوبنانە، لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان هەڵدەقووڵێت و لە شاری سور لە باشووری وڵاتەکە دەڕژێتە نێو دەریای سپیی نێوەڕاست.
 
کاتز هەروەها گوتی، مەرجی دیکەش جێبەجێ نەکراون بۆ نموونە "داماڵینی چەک لە حیزبوڵڵا و هەڵنەوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆریستیی ناوچەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە."
 
نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێنراوێک بڵاویکردەوە: "ئێمە رێگە بە دروستکردنی هەڕەشەیەکی نوێ بۆ سەر باکوور و هاووڵاتییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل نادەین."
 
ئاگربەستەکە چۆن بوو؟
 
ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 27-11-2024 بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ ماوەی 60 رۆژ راگەیێنرا. مەرجی سەرەکیی رێککەوتنەکە ئەوە بوو، حیزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە و بچێتە باکووری رووبارەکە، ئەمەش واتا 30 کیلۆمەتر دوو لە باشووری لوبنان کە هاوسنووری باکووری ئیسرائیلە؛ ئیسرائیلیش هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سوپای لوبنان شوێنیان بگرنەوە. 
 
مەرجێکی دیکە ئەوە بوو، هەردوولا هێرش و ئۆپەراسیۆنر چەکداری و سەربازییەکانیان بوەستێنن. لیژنەیەک لە نوێنەرانی لوبنان، ئەمریکا، فەرەنسا و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە (یونیفیل) ناسراوە، چاودێریی دۆخەکە دەکەن و مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ئاگربەست دەکەن.
 
'جارێ لەسەر ئیسرائیل ئارام دەگرین'
 
رۆژی شەممە 04-01-2025 قاسم نەعیم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئیسرائیل "پێشێلکاری"ـی بەرامبەر ئاگربەستەکە کردووە و حیزبوڵڵا، "تەنانەت پێش تەواوبوونی 60 رۆژەکە ئامادەیە وەڵام بداتەوە."
 
نەعیم گوتی: "ئێمە گوتوومانە کە دەرفەتێک دەدەین بۆ ئەوەی رێگە لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بگرین و مەرجەکان جێبەجێ بکەین، ئێمە ئارام دەگرین."
 
ئاگربەستەکە دوای زیاتر لە ساڵێک لە پێکدادانی نێوان دوو لایەنەکە و دوای دوو مانگ لە بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان راگەیێنرا.
 
تاوەکو ئێستا چەندین جار یونیفیل رایگەیاندووە، ئیسرائیل پێشێلکاریی مەرجەکانی ئاگربەستی کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی حەسەن نەسروڵڵا

ئیسرائیل وردەکاریی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئاشکرا دەکات

چەند رۆژێک پێش کوشتنی، ئەفسەرێکی هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل شوێنی نەسروڵڵا ئاشکرا دەکات و گەورەکەی لێ ئاگاداردەکاتەوە. پاشان شلۆمۆ بەندەر، سەرۆکی ژووری هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل، هەموو فەرماندەکانی نێو سوپا کۆدەکاتەوە و داوایان لێدەکات رای خۆیان لەسەر کوشتنی نەسروڵڵا بخەنەڕوو. هەموویان کۆدەنگ دەبن لەسەر ئەوەی دەبێت بکوژرێت.