رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک هاووڵاتی کەرتی غەززە بە دیار وێرانبوونی خانووێک دانیشتوون لەدوای هێرشێکی ئیسرائیل لە 19-12- 2024. وێنە: REUTERS
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە لە قەتەر دانوستاندن بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە دەستیپێکردووەتەوە، لە کاتێکدا تیمە فریاگوزارییەکان دەڵێن زیاتر لە 30 کەس رۆژی شەممە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵێک، 11 کەس کوژراون کە حەوتیان منداڵن.
دیمەنە ڤیدیۆییەکان نیشانیدەدەن ژمارەیەک تەرم، لە نێویاندا منداڵ، کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە.
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە، لە قەتەر دانوستاندن لەگەڵ حەماس دەستیپێکردووەتەوە.
کاتس باسی لەوە کرد، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێنمایی "پڕ لە وردەکاریی داوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان."
کاتس دوای ئەوە قسەی کرد کە کەتائیبی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس ڤیدیۆی بارمتەیەکی نۆزدە ساڵانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بارمتەکە بە زمانی عیبری داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکات، هەوڵی ئازادکردنی بدات.
خێزانی بارمتەکە دواتر داوایەکی ئاراستەی نەتەنیاهوو کرد و رایگەیاند: "کاتی ئەوەیە وا بڕیار بدەیت وەک ئەوەی ئەمانە منداڵی خۆت بن."
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 62 بارمتەی ئیسرائیلی بە زیندوویی و 34ـی دیکەیان بە مردوویی لە کەرتی غەززە دا ماون.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 45 هەزار و 717 کەس، بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەیان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ