لەترسی دروستبوونی شەڕی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، جووەکان ناگەڕێنەوە باکووری وڵاتەکەیان

07-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
کاریگەریی شەڕ لەسەر باکووری ئیسرائیل
کاریگەریی شەڕ لەسەر باکووری ئیسرائیل
نیشانەکردن جەنگی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە و لەگەڵ هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل، جووەکانی باکووری ئەو وڵاتە ناوچەکەیان چۆڵکردووە، ئێستاش لەترسی فراوانبوونی شەڕەکە و پەلکێشانی حیزبوڵڵای لوبنان و بۆردوومانەکانی، ناگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان.
 
دانیاڵ یەکێکە لە دانیشتووانی ئۆردووگایەکی جوونشین لە ناوچەی یفتاح لەسەر سنووری باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنان، دەڵێت لە 7ـی تشرینی یەکەمی پارەوە ماڵەکەی خۆی بەجێهێشتووە و لە هۆتێل دەژی. 
 
دانیاڵ پێنسۆ، دانیشتووی کۆمەڵگەیەکی جووەکان لە باکووری ئیسرائیل دەڵێ "ئێمە زۆر نزیکترین لە سنوورەکان لەچاو ئەو کۆمەڵگەیانەی نزیکی کەرتی غەززە بوون، بۆیە زۆر ترسناکە، دەبێت ئێمە دڵنیابین لەوەی سەلامەتین تاوەکو بگەڕێینەوە و جارێکی دیکە لە ماڵەکانمان بژین، بۆیە داواکەمان لە حکومەت و سوپا ئەوەیە؛ تکایە بمانپارێزن."
 
لە دوای بەئامانجکردنی بارەگەیەکی حەماس لە باشووری شاری بەیرووت و کوشتنی ساڵح عارووری، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە 2ـی ئەم مانگە، حیزبوڵڵا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشەی لە ئیسرائیل کرد.
 
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززەوە، چەکدارانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل بەردەوام بە رۆکێت لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل وەڵامی یەکتریان داوەتەوە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، 12 لوبنانی و زیاتر لە 140 چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون.
 
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لەو ناوچەیە، زیاتر لە 150 هەزار کەس لە هەردوولا ئاوارە بوون، 80 هەزاریان لە باکووری ئیسرائیل و 75 هەزاریان لە باشووری لوبنانەوە.
 
لییات ئینگڵ، دانیشتووی ناوچەی یفتاح دەڵێ "دەبێت چاوەڕێ بکەین و هیوابخوازین جەنگەکە لەگەڵ حیزبوڵڵا ئەنجامێکی دەبێت و هەستێکی سەلامەتی و دڵنیایی دروست بکات تاوەکو بتوانین بگەڕێینەوە ماڵەکانی خۆمان، لەبەرئەوەی بێ ئەو هەستە، ناتوانین بگەڕێینەوە یفتاح."
 
لەدوای هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی بەیرووت، سوپای ئیسرائیل پێگەی هێزەکانی لە باکووری ئیسرائیل تۆکمەتر کردووە و  هێزی زیاتری لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل کۆکردووەتەوە، لە بەرامبەردا حیزبوڵڵای لوبنانیش هەمان کاری کردووە.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە