بلینکن سەردانی 8 وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دەستپپێکردنەوەی گەڕێکی دیکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ مانگییەکەی غەززە، رێگری لە فراوانبوونی ئەو جەنگە بەنێو تەواوی ناوچەکەدا.
رۆژی هەینی، 05ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ جاری چوارەم لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بڕیارە سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئیسرائیل، ئوردن، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، میسر و کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بکات. دواتریش سەردانی هەریەک لە تورکیا و یۆنانیش بکات.
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند بڕیارە لەو گەشتەیدا، بلینکن داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە بکات بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە، هەروەها پرسی ئیدارەدانی کەرتی غەززە لە دوای کۆتایهاتنی جەنگەکە.
سەردانەکەی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەکاتێکدایە کە لەچەند رۆژی رابردوودا، چەند هێرشێکی درۆنی و تەقینەوە روویانداوە کە وەکو کاریگەری و فراوانبوونی جەنگی غەززە دەبینرێت.
رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2023، لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بارەگەی حەماس لە باشووری شاری بەیرووت، جێگری مەکتەبی سیاسی حەماس ساڵح عاروری و دوو لە فەرماندەی کەتایبەکانی قەسام کوژران. لوبنان و حەماس، ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، بەڵام تائێستا ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی رانەگەیاندووە.
پاشان رۆژی چوارشەممە، لەکاتی رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، لە شاری کرمانی رۆژهەڵاتی ئێران، دوو تەقینەوە روویاندا و 84 کەس کوژران و زیاتر لە 200ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا، لەبەغدا لە ئەنجامدا فەرماندەی لیوای 12ی حەشدی شەعبی ئەبو تەقوا و ژمارەیەک چەکداری ئەو گرووپەیان کوشت.
لەبارەی سەردانەکی بلینکن و فراوانبوونی ئەو جەنگە، میللەر رایگەیاند، "ئەوە لەبەرژەوەندیی کەس نییە ئەو ململانێیە بچێتە دەرەوەی غەززە، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نییە، لە بەرژەوەندی ناوچەکە و جیهانیش نییە."
لەدوای هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ سەر ناوچەکانی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی جووەکان لە باشووری ئیسرائیل، کە بووە هۆی کوشتی لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی. سوپای ئیسرائیل بەتووندی وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە و لەو رۆژەوە لە زەوی و ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج و بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 22 هەزار و 400 فەلەستینی کوژراون کە لەسەدا 70ـیان ژن و منداڵن.
لەسەردانەکەی بۆ ئیسرائیل، بڕیارە بلینکن گوشار بخاتە سەر بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەیان لەسەر خەڵکی سڤیل و رێگەخۆشکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو غەززە.
لەوبارەیەوە، میلەر دەڵێت، "ئێمە باس لە پێویستی دانانی ئیدارەیەکی یەکگرتووی کەرتی رۆژئاوا و غەززە دەکەین، کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینیدا بێت."