رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان بەغدا و بەیرووت دەستیان پێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024) مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و رەفیق حەریری بەیرووت دەستیانپێکردەوە و دوو گەشت کراون."
بەگوتەی مەیسەم سافی، لەو دوو گەشتەدا 150 هاووڵاتیی لوبنانی گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.
رۆژی 27ـی 9ـی ئەم ساڵ، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە عێراق بۆ لوبنان و بەپێچەوانەشەوە راگرت، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، "لەمەودوا، هەفتانە نزیکەی 7 گەشتی ئاسمانی لەنێوان بەغدا و بەیرووت دەکرێن."
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو و دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حیزبوڵڵای لوبنانیش دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش لە 23ـی ئەیلوول، بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی بە چڕی دەستپێکرد، دواتریش دەستی بە هێرشی زەوینی کرد.
لە 27ـی تشرینى دووەمى 2024، ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە فەرمى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، زیاتر لە 22 هەزار ئاوارەى لوبنان روویان لە عێراق کرد، بەڵام دوای راگەیاندنی ئاگربەست بەشێکیان گەڕانەوە لوبنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ