دوای مانگێک ئیسرائیل و فەلەستین بۆردوومانکردنی یەکدییان دەستپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردوومانی پێگەکانی بزووتنەوەی حەماسیان لە کەرتی غەززە کردووە؛ ئەوەش دوای ئەوە هات، کە مووشەکێک لە فەلەستینەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل کراوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 54ی کانوونی یەکەمی 2022، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە وەڵامی ئەو مووشەکەی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرا، فڕۆکە جەنگییەکانمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێگەیەکی دروستکردنی چەکی رێکخراوی حەماسی کردە ئامانج."
 
سوپای ئیسرائیل گوتیشی، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، "زۆربەی مووشەکەکانی رێکخراوەکە لە کەرتی غەززە لەوێ دروستدەکرێن" و ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان تونێلێکی بزووتنەوەی حەماسیشیان لە باشووری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
 
ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئێوارەی رۆژی پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی هێزەکانیان کراوە، ئەوەش بووە یەکەم مووشەک لە ماوەی مانگی رابردوودا تۆمار کرابێت.
 
هێرشەکە لەدوای ئەوە هات کە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە هێزەکانی ئیسرائیل کرد بەرامبەر کوژرانی دوو سەرکردەی بزووتنەوەکە، کە رۆژی پێنجشەممە لە شارۆچکەی جنینی کەرتی رۆژئاوا کوژران.
 
دوای ئەوەش، باڵی چەکداریی حەماس رایگەیاند، لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا مووشەکی دژە فڕۆکەیان بەکارهێناوە.
 
حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس گوتی، "دووژمنی زایۆنی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر گەلەکەمان درێژەپێدەدات لەڕێگەی بۆردوومانکردنی کەرتی غەززەوە."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، لانیکەم 145 فەلەستینی و 26 ئیسرائیلی کوژراون. ئەوەش لەدوای ساڵی 2015وە بەرزترین ئاستی قوربانییانە. تەنیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، لانیکەم 49 فەلەستینی، کە سڤیلیشیان لەنێودا هەبوو، گیانیان لەدەستداوە.