حووسییەکان کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بە "رۆژێکی مێژوویی" ناودەبەن

رووداو - یەمەن

رابەری حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، ئەمڕۆ شکستیان بە پلانگێڕییەکی گەورە هێناوە کە  هەڕەشەیەکی جددی بوو لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات. دەشڵێت کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح "رۆژێکی مێژووییە".

رۆژی دووشەممە 4-12-2017 شەڕی ئەم دواییەی نێوان حوسییەکان و چەکدارانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پێینایە قۆناخێکی نوێ، ئەوەش کاتێک حووسییەکان هاوپەیمانی تاوەکو چەند رۆژی پێش ئێستایان و سەرۆکی پێشووی یەمەنیان، کوشت. 

رابەری حووسییەکانی نزیک لە ئێران دەڵێت، ئامانجی روونی پلانگێڕان (کە مەبەستی هاوپەیمانێتیی عەرەبییە بە سەرۆکایەتیی سعودیە) ئەوە بووە کە هێزە دوژمنکارەکان بتوانن بەخێرایی دۆخەکە کۆنترۆڵبکەن، ئەوەش دوای ئەوەی شکستیانهێنا لە ئەنجامدانی لە ماوەی سێ ساڵدا.

عەبدولمەلیک حووسی کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بە "رۆژێکی مێژوویی" ناوبرد و داوای لە خەڵکی یەمەن کرد نوێژی سوپاسگوزاری بکەن.

عەبدولمەلیک حووسی گوتی "خودای گەورە و باڵادەست گەلی ئێمەی سەرخست و بەزەیی پێدا هاتەوە و هاوکاریکرد. سوپاسی خوای گەورە دەکەین کە گەلەکەی ئێمەی سەرکەوتوو کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەخت و قورسە، بۆ سەرکەوتن بە سەر پیلانگێڕییەکی مەترسیدار و گەورە کە ئارامی و سەقامگیری و یەکێتی وڵاتی کردبووە ئامانج و هەروەها سەرکەوتوو بوو لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوژمنایەتییە". 

وێنەی سەنعای پایتەخت دوای کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە سەربازگەیەکی گەورە دەچێت و تێیدا حوسییەکان ژمارەیەکی زۆر چەکدار و چەکی قورسیان بڵاوکردووەتەوە. چەکدارانی حووسی بە شەقامە سەرەکییەکاندا بە ئۆتۆمبیل دەگەڕێن و دەیان خاڵی پشکنینان داناوە و ئۆتۆمبیلی خەڵکی دەپشکنن. 

سەنعا بە بەراورد لەگەڵ رۆژانی پێش دەستپێکردنی شەڕەی نێوان حووسییەکان و چەکدارانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح چۆڵە و خەڵک دەترسن.
 
کوشتنی سەرۆکی پێشووی یەمەن دوای ئەوە هات لە دوو رۆژی رابردوودا چەکدارەکانی توانیان چەند ناوچەیەک لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکان کۆنترۆڵ بکەنەوە. 

شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەوەی دووشەممە روویدا سەرەتای شەڕی گەورەترە. غەدمان یوسفی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، پێدەچێت لە میدیادا بەو جۆرە بۆ خەڵکی بڵاوکرابێتەوە کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح توانی میلیشیاکان تێکبشکێنێت، بەلایەنی کەمەوە لە بواری سنووری جوگرافییەوە، ئەوەش لە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک ناوچەوە کە لەژێر دەستی ئەواندا بوون، بەڵام لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا شکستێک رووبەڕووی چەکدارانی ساڵح بووەوە و حوسییەکان توانیان کەناڵی فەرمی تەلەڤزیۆن و هەندێک لە خانووەکانیشی بگرن. "بەڵام پێموایە ئەمە سەرەتایە نەوەک کۆتایی". 

یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی تێیدا ململانێی گەورەی نێوان سعودیە و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئێران هەیە. هەر بۆیە کاردانەوەی ریاز و تاران کاریگەری گەورەی لەسەر ئاراستەی رووداوەکانی ئەو وڵاتە دەبێت. 

داڕشتنەوە: حەکیم داود