رووداو دیمەنی شەڕ و پێکدادانەکانی سەنعا بڵاودەکاتەوە

04-12-2017
ئەیاد مەوسمی
حوسییەکان بەهێزەوە بەرەو ناوەڕاستی شارەکە دەچن
حوسییەکان بەهێزەوە بەرەو ناوەڕاستی شارەکە دەچن
نیشانەکردن یەمەن
A+ A-

 رووداو - یەمەن 

تۆڕی میدیایی رووداو دیمەنی شەڕ و پێکدادانی سەختی نێوان چەکدارانی حوسی و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پیشان دەدات کە ماوەی چەند رۆژێکە لە سەنعا و چەندین ناوچەی یەمەن لە شەڕێکی سەختدان.

خەڵک و شارەزایانی یەمەن کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیان کردووە، هۆشداری دەدەن لەوەی دەبێت رەوشەکە چارەسەر بکرێت، بەپێچەوانەوە ئاگری شەڕ خەڵکی زیاتر دەسووتێنێت.

سێ رۆژە سەنعای پایتەختی یەمەن پێکدادانی تووند بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی هێزەکانی سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن و چەکدارانی کۆمەڵەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە هاوبەشی و ململانێی نهێنی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی نێوانیان.

هێزەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەچڕی لە بەشی باشووری سەنعا بڵاوبوونەتەوە، لەکاتێکدا هێشتا چەکدارانی حوسی کۆنترۆڵی بەشی باکووری شارەکەیان بەدەستەوەیە، هەروەها بەهێزەوە بەرەو ناوەڕاستی شارەکە دەچن و بەشێک لەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە پێشتر لەدەستیان دابوون.

عەبدلوەهاب شەرەفی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێ "ئەگەر هەڵوێستەکە بەسەربازی بەشێوەیەکی ریشەیی چارسەر نەکرێت، یان بەشێوەیەکی سیاسی و لەڕێگەی نێوەندگیری چارەسەر نەبێت و دۆخەکە هێور نەبێتەوە، ئەوا کاردانەوە و پەرچەکرداری دیکەی لێکدەکەوێتەوە دۆخەکە بە تەواوی تێکدەچێت".

نزیکەی سێ ساڵە یەمەن لە شەڕدایە، ئێستاش دەچێتە نێو قۆناخێکی دیکەی نوێ لە ململانێی لایەنە نێوخۆییەکان، کە شەڕێکە خزمەت بە وڵات ناکات و، بەگوتەی چاودێرانیش کێشەکانی ئەو وڵاتە بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچن، نەوەک چارەسەرکردن.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە