کەمئاوی تەنگی بە دانیشتووانی غەززە هەڵچنیوە

04-11-2023
محەممەد سالم
کەمئاوی لە غەززە
کەمئاوی لە غەززە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو غەززە 

خەڵکی غەززە دووچاری دۆخێکی خراپن و، نەبوونی ئاوی خواردنەوە یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانیان. ئاو لە هەندێک شوێندا بە تانکەر دابەشدەکرێت و لە هەر شوێنێکدا تانکەر دەوەستێت، هەمووان بە دەبەوە لێی کۆدەبنەوە و دەبێتە قەرەباڵخی و نۆرە؛ منداڵ و گەورە چاوەڕێن بەشی رۆژێک ئاوی خواردنەوەیان دەستبکەوێت.
 
موئمین، ناچارە ماوەیەکی زۆر رێبکات و چەندین کاژێر لە چاوەڕوانیدا بێت بۆ ئەوەی کەمێک ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ خێزانەکەی دابین بکات. 
 
موئمین زوعروب قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "ئێمە لە مەودای دوورەوە دێینە ئێرە، بەهۆی ئەمەوە زۆر ئازار دەچێژین بۆ ئەوەی بڕێک ئاوی پێویست بۆ منداڵەکان دابینبکەین. هیچی دیکەمان ناوێت جگە لەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ ماڵەکانمان دابین بکرێت.''
 
بەهۆی نەمانی سووتەمەنی، دەسەڵاتدارە خۆجێیەکانی غەززە ناتوانن ئاوی پاک بۆ ماڵی هاووڵاتییان دابین بکەن. هاووڵاتییانیش ناچارن چەندین کیلۆمەتر رێبکەن بۆ ئەوەی لە وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە کە بە تیشکی خۆر کاردەکەن، دوای نۆرەیەکی زۆر، ئاویان دەستبکەوێت. 
 
قاسم عەرقان، هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینی دەڵێ "رۆژانە ئازاری زۆر دەچێژین تاوەکو ئاوی پاکی خواردنەوەمان دەستدەکەوێت. کاژێر پێنجی بەرەبەیانی هەموو رۆژێک رێدەکەین بۆ ئەوەی چوار، پێنج بوتڵی بچووک ئاومان دەستبکەوێت، کە ئەویش پێویستیی چەند کاژێرێکمانە. ئەگەر بمانەوێت ئاوی زیاترمان دەستبکەوێت، ناچارین چەندین کیلۆمەتر (دەبەی) ئاو لە کۆڵ بکەین و بیگوازینەوە ئەو قوتابخانەیەی تێیدا نیشتەجێین."
 
هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینی بەناوی محەممەد مازی باسی ئەوە دەکات "هاووڵاتی ئێمە لە غەززە رۆژانە بەدەست قەیرانی بێئاوی و بێنانییەوە دەناڵێنن. هەندێکجار سێ، چوار کاژێر نۆرە دەگرین بۆ جلیکانێک ئاو. دواتر چەند کاژێرێکی دیکە لە نۆرەی نانەواخانەکاندا بۆ بەدەستهێنانی کیسە نانێک سەرە دەگرین، بۆ ئەوەی بیدەینە منداڵەکانمان."  
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی ئاوی فەلەستین، وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوی غەززە رۆژانە 15 هەزار کوپی ئاو بەرهەمدەهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە تەواوی دانیشتووانی کەرتی غەززە رۆژانە پێویستیان بە 300 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە