رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بڕیاری داوە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل بکشێنێتەوە و دەڵێت، "بەهۆی رەتکردنەوەی بانگەوازەکانی ئاگربەست و بەردەوامیدان بە شەڕ، بڕیارماندا بە کشانەوەی باڵیۆزەکەمان لە تەلئەڤیڤ."
ئێوارەی رۆژی شەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی کشاندنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، "بەهۆی رەتکردنەوەی بانگەوازەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕ و درێژەدان بە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی سڤیل و رێگرییە بەردەوامەکانی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و گوێنەدان بەو تراژیدیا مرۆییانەی لەم کەرتە روودەدەن، بڕیارماندا بە بانگهێشتکردنەوەی شاکر ئۆزکان تۆڕونڵار، باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە تەلئەڤیڤ بۆ ئەنقەرە بە مەبەستی پرس و راوێژکردن."
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل، حکومەتی تورکیا هەڵوێستی خۆی لە پاڵپشتیکردنی دۆزی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەززە دەربڕیوە.
تورکیا لە دوایین هەڵوێستی فەرمیدا، رۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی 2023، گردبوونەوەیەکی ملیۆنی لە ئیستەنبووڵ رێکخست و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و ئیسرائیل بە داگیرکار و تاوانباری جەنگ و دڕندە ناساند و گوتی، "ئیسرائیل بە ئاشکرا و لەبەرچاوی جیهاندا کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی سڤیل بەناوی بەرگری لەخۆکردن ئەنجام دەدات."
گوتیشی، ''هەمووان دەزانین ئیسرائیل لە ناوچەکەدا تەنیا داردەستێکە کە رۆژی هات ماڵئاوایی دەکات و بەبێ پاڵپشتی دەرەکیی رۆژئاوا سێ رۆژ لەم ناوچەیە بەرگە ناگرێت''. ئاشکرایکرد، کە هەموو رێوشوێنەکانیان گرتووەتەبەر بۆ ناساندنی ئیسرائیل وەک تاوانباری جەنگ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و راشیگەیاند، ''ئەی ئیسرائیل، ئێمەش تۆ وەک تاوانباری جەنگ بە جیهان رادەگەیێنین. لە ئامادەکاری ئەمەداین و وەک تاوانباری جەنگ ئیسرائیل بە جیهان دەناسێنین''.
دوای گوتارەکەی ئەردۆغان، ئیسرائیل بڕیاری کشاندنەوەی نوێنەرە دیپلۆماسییەکانی لە تورکیا دا.
رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "هەندێک وڵات یەپەگە بە تیرۆریست ناناسێنن و ئێمەش حەماس بە تیرۆریست نازانین."
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا گوتی، "حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و کۆمەڵەیەکی ئازادیخواز و موجاهیدە کە بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی خەبات دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ