نەخۆشخانەکانی غەززە لە دۆخێکی خراپدان و بەشێکیان چیدیکە ناتوانن نەخۆش و بریندار وەربگرن


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و نەمانی سووتەمەنی، 15 نەخۆشخانە و 32 بنکەی تەندروستی لە غەززە لەکارکەوتن و چیدی ناتوانن خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستی پێشکێش بکەن. 
 
کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە باشووری کەرتی غەززە، بەدەست کەمیی دەرمان و سووتەمەنی دەناڵێنێت. لەم ڤیدیۆیەدا منداڵێک دەبینن کە ناوی بەڕایە، هەفتەیەکە بریندارە و دۆخی تەندروستی لە مەترسیدایە. سەتان برینداریش هاوشێوەی بەڕا لە دۆخێکی خراپدان و لە نەخۆشخانەکەدا چارەسەر وەردەگرن.
 
ویسام قەفە، مامی بەڕا بە رووداوی گوت، "بەڕا کەلـلەی سەری شکاوە و تووشی دۆخێکی زۆر خراپ بووەتەوە. ناوە ناوە چاوەکانی دەکاتەوە، بەڵام وەڵامی چارەسەرە پزیشکییەکان ناداتەوە. پزیشکەکانیش رۆژانە پشکنین و شیکاری بۆ دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکانی، بەڵام بێهوودەیە. منیش هەوڵ دەدەم بیدوێنم، بەڵام تێناگات و کەس ناناسێت." 
 
نەخۆشخانەی ناسڕ رۆژانە بریندار وەردەگرێت، بەڵام رووبەڕووی چەندین قەیرانی گەورە بووەتەوە کە رەنگدانەوەی نەرێنی کردووەتە سەر ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی. 
 
دکتۆر رامی ئەبوعەنزە، سەرۆکی بەشی سووتاوی لە نەخۆشخانەی ناسڕ دەڵێت، "زیاتر لە 60٪ی بریندارەکان لە بەشی سووتاوی، لە منداڵ و ژنان پێکدێن. ئەمە لە کاتێکدایە بەدەست نەبوونی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەناڵێنین. هەندێکجار ناچار دەبین بەبێ پێدانی دەرمان و بە بەکارهێنانی کەرەستەی چەندجار بەکارهاتوو لە کاتی چارەسەرکردنیان. ئەم دۆخە ئازاری ئێمە و کارمەندانی تەندروستی دەدات."  
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 130 کارمەندی تەندروستیی گیانیان لەدەستداوە و 25 ئەمبوڵانسیان کراونەتە ئامانج.