تەندروستیی جیهانی: لە 36 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە 14یان لەکارکەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و بۆردوومانی چڕ بۆ سەر غەززە، کەرتی تەندروستیی شارەکە زیانی زۆری پێگەیشتووە و بەشێک لە نەخۆشخانەکان تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان راگرتووە. تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە 36 نەخۆشخانەی کەرتەکەدا، 14یان لەکارکەوتوون.
لە هەندێک نەخۆشخانەی غەززە، بریندار و نەخۆش لەژێر رووناکیی مۆبایل چارەسەر دەکرێن. حسام دياب، دکتۆر لە نەخۆشخانەی شیفا دەڵێت، "وەکو دەیبینی، ئێمە لە کلینیکەکانی نەخۆشخانەی شیفاین کە کارەبا نییە و پزیشکەکان بە بەکارهێنانی رووناکیی مۆبایل کاردەکەن. نازانین تاوەکو کەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت. بێ ئاو، کارەبا و ئۆکسجین دۆخەکە زۆر زەحمەتە."
بەهۆی بڕینی کارەبا لە ئیسرائیلەوە و نەبوونی سووتەمەنی، کارەبا لە نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە نەماوە. ئەوەش دۆخەکەی بۆ نەخۆش، بریندار و پزیشکان سەختتر کردووە.
باوکی محەممەد سەرەفاتی، پزیشکە لە نەخۆشخانەی شیفا و دەڵێت، "لێرە منداڵمان هەیە، لێرە منداڵەکان ئازار دەچێژن و کەس لێرە نییە بۆ هاوکاریکردن."
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەند جارێک هۆشدارییان لەبارەی نەمانی سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە داوە. تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باس لەوە دەکات، "لە 36 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە 14یان لەکارکەوتوون. لەکاتێکدا توانای کارکردنیان، کاریگەریی هەریەک لە کەمیی خۆراک، ئاوی پاک و سووتەمەنی بۆ موەلیدەکانی لەسەرە."
نەبوونی سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لەکاتێکدایە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 32 هەزار و 516 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین بریندار بوون. بەشی زۆری ئەوانیش پێویستیان بە چارەسەرە لە نەخۆشخانەکاندا.