رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە درۆن لە عێراقەوە ئاراستەی بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا کراوە و لە ئەنجامدا دوو سەربازیان کوژراون و 24ی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024 هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی دوو سەربازی بە ناوەکانی دانیاڵ ئەڤیڤ هەیم، تەمەن 19 ساڵ و تال درۆن، تەمەن 19 ساڵ لە بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران، کە خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی) دەناسێنن، راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بەرگریی ئیسرائیل، هێرشەکە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بە دوو درۆن ئەنجام دراوە؛ یەکێک لە درۆنەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خراوەتە خوارەوە و ئەوی دیکەیان لە بنکەیەکی سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان کەوتووەتە خوارەوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە عێراقەوە بە درۆن هێرشکراوەتە سەریان و دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و 24ـی دیکە بریندارن
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 4, 2024
ئەمانە وێنەی ئەو دوو سەربازەن کە لە هێرشەکەدا کوژراون pic.twitter.com/tKwmDRuE2L
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەیانیی ئەمڕۆ چەند هێرشێکی بۆسەر سوپای ئیسرائیل کرد و ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە "پاڵپشتی بووە لە گەلەکانمان لە فەلەستین و لوبنان."
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەڵێت، "لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا 3 ئامانجمان لە بەرزاییەکانی گۆلان و تەبریا لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو پێکا" و ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە.
ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداریی داوەتە هێزەکانی ناوچەکە و رایگەیاندووە، لە هەر شوێنێکەوە هێرشی بکرێتە سەر، بێ وەڵام نابێت.
02-10-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "هەر کەس هێرشمان بکاتە سەر، هێرش دەکەینە سەری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ