خامنەیی: هێرشە مووشەکییەکەمان کەمترین سزا بوو بۆ رژێمی زایۆنی

04-10-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، فەلەستین و لوبنان مافی یاسایی خۆیانە بەرامبەر ئیسرائیل بەرگری لە خۆیان بکەن، گوتیشی: ''ئەو هێرشەی هێزە چەکدارەکانی ئێمە کردیان، کەمترین سزا بوو بۆ رژێمی داگیرکەری زایۆنی".
 
ئەمڕۆ هەینی 04-10-2024، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێژی هەینی لە تاران گوتارێکی پێشکەش کرد و  تێیدا رێوڕەسمی رێزلێنان لە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانیش بەڕێوەچوو کە لە هێرشی مووشەکیی 27ـی ئەیلوولی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت کوژران.
 
عەلی خامنەیی لە گوتارەکەیدا باسی لە دۆخی ناوچەکە و گرژییەکان کرد و رایگەیاند: "سیاسەتی سەتەمکاران و دەستدرێژیکەرانی جیهان ئاژاوەنانەوەیە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنەدەست، بنەمای کارکردنیشیان دابەشکردنی گەلانی ناوچەکەیە کە لە وڵاتانی ئیسلامیدا بە شێوەی جۆراوجۆر کردوویانە".
 
''پێویستە پشتێنەی بەرگری ببەستین''
 
خامنەیی داوا لە موسڵمانانی سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی دەکات بۆ رێگریی لە ''زەبری دوژمن'' یەکگرتوو بن و پێکەوە هاوکاریی پێویستییان هەبێت.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''دوژمنی گەلی ئێران هەمان دوژمنی گەلی فەلەستین، لوبنان، عێراق، میسر، سوووریا و یەمەنە و ژووری فەرمانیان یەک شوێنە، بەڵام شێوەی کارکردنیان لە وڵاتانی جۆراوجۆر، جیاوازە.''
 
خامنەیی لەبارەی ''دوژمن''ـی وڵاتانی ئیسلامی کە مەبەستی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو، گوتی: ''ئەگەر سیاسەتەکانیان لە وڵاتێکی ئیسلامی سەرکەوتوو بوو و دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند، دەچنە سۆراخی وڵاتێکی دیکە، گەلان نابێ رێگە بەەوە بدەن.'' گوتیشی: ''هەر وڵاتێک ئەگەر بیەوێت بە گەمارۆی قورسی دوژمن پەکی نەکەوێت، هەر لە سەرەتاوە دەبێ چاوی بکاتەوە، کاتێک بینی دوژمن بۆ لای گەلێکی دیکە دەچێت، هاوکاری ئەو وڵاتە [ئیسلامییە] بکات تاوەکو دوژمن لە پیلانەکەیدا سەرنەکەوێت .''
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای دروستکردنی "پشتێنەی بەرگری" کرد و گوتی: ''ئێمە دەبێ پشتێنەی بەرگری و سەربەخۆخوازی لە ئەفغانستانەوە تاوەکو یەمەن، لە ئێرانەوە تاوەکو غەززە و لوبنان، بەگشتی لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی ببەستین؛ هەر گەلێک مافی ئەوەی هەیە لە بەرامبەر دەستدرێژیکەر بەرگری لە خاک، ماڵ و بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.''
 
''تۆفانی ئەقسا هەوڵێکی تەواو یاسایی بوو''
 
گرژییەکانی ناوچەکە دوای ئۆپەراسیۆنی ''تۆفانی ئەقسا''ـی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل قووڵتر بوونەوە، کە تێیدا هێرش کرایە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و نزیکەی هەزار و 140 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون و نزیکەی 250 ئیسرائیلی و بیانیش بە بارمتە گیران.
 
خامنەیی گوتی: ''هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی و دادگەیەک ناتوانێت ناڕەزایەتی دەرببڕێت کە بۆچی گەلی فەلەستین لە غەززە، لە بەرامبەر دوژمنێک دەوستنەوە کە خاکەکەیانی داگیر کردووە؛ تۆفانی ئەقسا هەوڵێکی دروستی یاسایی و نێودەوڵەتی بوو و ئەوە مافی فەلەستینییەکانە لە بەرامبەر رژێمی داگیرکەری زایۆنیدا بەرگری لە خۆیان بکەن.''
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە پاڵپشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە حەماس کرد و گوتی: ''هیچ لایەنێک ناتوانێت رەخنە لە هاوکاریکردنی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ گەلی فەلەستین بگرێت، کۆماری ئیسلامیش هەر ئەرکێکی لەوبارەیەوە هەبێت، بە هەموو تواناوە و پێداگرانە دەیکات.''
 
''ئەگەر پێوست بێت دووبارە هێرش دەکەینەوە''
 
رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم سوپای پاسدارانی ئێران بە 180 مووشەک راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای هێرشەکەی 27ـی ئەیلوولی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت کە تێیدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران.
 
دواتر ئێران بڵاوی کردەوە، ''هێرشەکە لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس؛ سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بوو".
 
خامنەیی گوتی، ''کاری هێزە چەکدارەکانی ئێمە لە چەند شەوی رابردوودا کارێکی تەواو یاسایی بوو. ئەو کارەی کە هێزە چەکدارەکانمان کردیان، لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوانە سەرسوڕهێنەرانە، کەمترین سزایەک بوو بۆ رژێمی داگیرکەری زایۆنی." 
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە "سەگی هار''ـی ئەمریکا لە ناوچەکە ناوبرد و گوتی: ''ئێمە [سزادانی ئیسرائیل] نە دوادەخەین و نە پەلەشی تێدا دەکەین، بەڵکو هەر بڕیارێک کە بڕیاردەرانی سیاسی و سەربازی پەسندی بکەن، لە کاتی خۆیدا جێبەجێی دەکەین.''
 
گوتارەکەی خامنەیی لەکاتێکدا بوو کە لە تەنیشتەوە دەستی بە لولەی چەکێکەوە گرتبوو و گوتیشی: ''لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بێت دووبارە [هێرشە مووشەکییەکان] دەکەینەوە.''
 
دوایین جار خامنەیی لە 17-01-2020، واتە دوو هەفتە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، وەکو گوتارخوێنی نوێژی هەینی دەرکەوت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە