ڤیدیۆ؛ وەزیری دەرەوەی ئێران لەنێو دووکەڵی بۆردووماندا دەگاتە بەیرووت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەیرووت و بڕیارە سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و دۆخی ئەمدواییانەی لوبنان، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆببێتەوە.
 
بەپێی میدیاکانی ئێرانی، بڕیارە لە سەردانەکەیدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی لوبنانی گرژییەکانی ناوچەکە و دۆخی ئەم دواییانەی وڵاتەکە تاوتوێ بکەن کە دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە.
 
سەردانی عێراقچی لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و بەهۆی هێرشی مووشەکیی 27ـی ئەیلوولی ئیسرائیل، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لە بەیرووت کوژران.
 
هەروەها لە 1ـی تشرینی یەکەمدا ئێران بە نزیکەی 180 مووشەک راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند، ''ئەو هێرشە لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس؛ سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بوو".
 
دوای هێرشەکەش، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات. ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر، هێرشی دەکەینەوە سەر".
 
بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران، بەر لە هێرشەکەی 27ـی ئەیلوول، بڕیار بوو عەباس عێراقچی سەردانی لوبنان بکات، بەڵام لەسەر داوای حەسەن نەسروڵڵا سەردانەکەی دواخرا.