ئەندامێکی باڵای حیزبوڵڵا بۆ رووداو: پێویستمان بە هیچ چەکدارێکی بیانی نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
غالب ئەبو زەینەب، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنانی بە رووداوی راگەیاند، پێویستیان بە چەکداری وڵاتانی دیکە نییە تاوەکو لە ریزەکانیاندا دژی سوپای ئیسرائیل بجەنگێن. گوتیشی، بزووتنەوەکەیان "ئامادەسازیی گەورەی کردووە". 
 
لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی رۆژی پێنجشەممەی رووداودا کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، ئەبو زەینەب ئاماژەی بەوە کرد، سوپای ئیسرائیل دەیەوێت زۆرترین کەس لە لوبنان دەربەدەر بێت بۆ ئەوەی دەست بە هێرشی زەوینی بکات. 
 
بە گوتەی سیاسەتڤانە لوبنانییەکە، رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل هەوڵی دابوو پێشڕەوی بکاتە نێو خاکی لوبنان، "بەڵام 100 مەتریان تێنەپەڕاند و هێزێکی گەورەی حیزبوڵڵا خۆی بۆ ئامادەکردبوو."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە "زیانی گەورە"ی بە هێزە ئیسرائیلییەکان گەیاند، "وەک چۆن دوژمنی ئیسرائیلی دانی بە کوژرانی 8 سەرباز دانا کە 3یان ئەفسەر بوون، هەروەها نزیکەی 50 کەسی دیکە بریندار بوون. هەروەها بەیانیی ئەمڕۆ دووبارە هەوڵیان دا پێشڕەوی بکەن، بەڵام هێزەکانی حیزبوڵڵا لە مەودای سفرەوە بەرپەرچیان دانەوە و چەندین کەسیان کوشتن و بریندارکردن."
 
ئەبو زەینەب هەروەها گوتی: "مقاوەمە ئامادەسازیی گەورەی کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمن و رێگریکردن لە هاتنی بۆ نێو خاکی لوبنان."
 
لە بارەی هەندێ گرووپی چەکداری عێراق کە دەستیان بە ناونووسکردنی خۆبەخشەکان کردووە بۆ ئەوەی لە لوبنان شەڕ بکەن، ئەبو زەینەب دووپاتیکردەوە کە پێویستیان بە چەکداری بیانی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و گوتی، ئەوان "چەکداری بەهێز و پلانی باش"یان هەیە.