سێنتکۆم: 15 پێگەی حووسییەکانمان لە یەمەن کردە ئامانج

04-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، 15 پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن بۆردوومان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لە هێرشەکەیان ئەوە بووە، ئاسایشی رێڕەوی دەریای سوور بپارێزن.
 
رۆژی هەینی، 4ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا )سینتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کاژێر 5:00 بەکاتی سەنعای پایتەختی یەمەن [هاوکاتە لەگەڵ هەولێر] هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر حووسییەکان. 
 
سێنتکۆم بەوە کردووە، لە هێرشەکەدا 15 پێگەی سەربازیی حووسییەکان کراونەتە ئامانج. 
 
لەبارەی ئامانجی هێرشەکە، سێنتکۆم دەڵێت، "هێرشەکە بۆ ئەوە بووە ئازادی و ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان بپارێزرێت و بۆ کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان سەلامەت بن".
 
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، چەند کاژێرێک لەمەوبەر میدیای فەرمیی حووسییەکان بڵاویکردەوە، ئەمریکا و بەریتانیا چەند هێرشێکیان بۆ سەر یەمەن ئەنجامداوە، لەنێویاندا 7 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی حودەیدییە و چواری دیکەش بۆ سەر سەنعای پایتەختی وڵاتەکە.
 
حووسییەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، تاوەکو ئاگربەستی غەززە و لوبنان رانەگەیێندرێت، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن.
 
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە ئەمریکا چەندین جار بۆردوومانی پێگەکانی حووسییەکانی کردووە.
 
لە سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری پارەوە حووسییەکان دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل، ئەوە جگە لەوەی بە دەیان هێرشی دیکەشیان کردووەتە سەر کەشتە بازرگانییەکان کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە