میدیای ئیسرائیل: کابینەی جەنگی بڕیاریدا وەڵامی ئێران بداتەوە

04-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەرپرسانی کابینەی جەنگی حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریانداوە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان بدەنەوە. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەلئەڤیڤ بڕیاری نەداوە چۆن وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 4ـی تشرینی یەکەمی 2024، کەناڵی 13ـی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، کابینەی جەنگی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بداتەوە. 
 
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا کابینەکە کاتی وەڵامدانەوەکەی رانەگەیاندووە. 
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن گوتی، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بڕیاری نەداوە چۆن وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەداتەوە. 
 
بایدن بە باشی نەزانی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئێران و گوتی، "ئەگەر لە شوێنێ ئەوان [بەرپرسانی ئیسرائیل] بم، لەبری هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکان، بیر لە شتی دیکە دەکەمەوە".
 
بایدن رۆژی چوارشەممەش ئاماژەی بەوە کرد، دژی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە. 
 
01-10-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە نزیکەی 200 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 
دوای هێرشەکە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران "هەڵەیەکی گەورەی کرد و دەبێت باجی ئەو هەڵەیەیشی بدات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە