وەزیری دەرەوەی ئێران: رژێمی زایۆنی هێرشی دیکە بکات، وەڵاممان دەبێت و تووندیش دەبێت

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئیسرائیل هەر جۆرە چالاکییەک دژی ئێران بکات، ئەوا کاردانەوەمان (لە چالاکییەکەی ئەوان) تووندتر دەبێت."
 
ئەمڕۆ هەینی 04-10-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و دۆخی لوبنان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
دواتر عێراقچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەگەر ئیسرائیل هەر جۆرە چالاکییەک دژی ئێران بکات، بێگومان وەڵامی دەدەینەوە و کاردانەوەی ئێمە لە هێرشی ئەوان تووندتر دەبێت."
 
عەباس عێراقچی رەوایەتی بە هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دا و رایگەیاند، "ئێمە هێرشمان دەستپێنەکردووە، بەڵکو وەڵامی هێرشی ئیسرائیلمان بۆ سەر خاکی ئێران، هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و هەروەها ئامانجەکانی ئێرانمان داوەتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە خواستی ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کرد و گوتی، "ناشمانەوێ درێژەی پێبدەین، ئەگەر رژێمی زایۆنی درێژە بە هێرشەکانی نەدات."
 
1ی تشرینی یەکەم ئێران بە نزیکەی 180 مووشەک راستەوخۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند، ''ئەو هێرشە لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان بوو."
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.
 
عێراقچی گوتیشی، ئێران لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل و گوتی، "لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی لوبنانی قسەم کردووە؛ لەگەڵ وڵاتانی دیکەش لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێندرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی بۆ ڕاگرتنی شەڕ چەند مەرجێکیان هەیە، "دەبێت مافی خەڵکی لوبنان پارێزراو بێت. ئاگربەستەکە لە لایەن بەرەی موقاوەمە پەسندبێت و هاوکات بێت لەگەڵ ئاگربەست لە غەززە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە