سوپای ئیسرائیل: سەرکردەیەکی دیکەی حیزبوڵڵامان کوشت

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەوی پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، محەممەد ئەنیسی، یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵڵا لە بۆردوومانێکی سەر بارەگای هەواڵگریی بزووتنەوەکە کوژراوە. ئیسرائیل لە هێرشێکی دیکەشدا، هاشم سەفیەدین، شوێنگرەوەی نەسروڵڵای کردووەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، ئەنیسی بەرپرسی بەرەوپێشبردنی مووشەکەکانی حیزبوڵڵا بووە. تاوەکو ئێستا بزووتنەوە لوبنانییەکە کوژرانی ئەو بەرپرسەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووبارە ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرد ماڵەکانیان چۆڵبکەن.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێکی هەواڵگریی حیزبوڵڵا لە بەیرووت؛ لەوانەش چەند تیرۆریستێک لەنێو بارەگای هەواڵگری، چەندین ئامێری کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و چاودێریکردن، ناوەندی فەرماندەیی و چەندین ژێرخانی دیکەی تیرۆریستی."
 
رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، حیزبوڵڵا بەشێوەیەکی سنووردار هاتە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام دۆخەکە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بە تەواوی تێکچوو، کاتێک ئیسرائیل دەستی بە هێرش و بۆردوومانی چڕ کرد بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت.
 
ئەوەی زیاتر گۆمەکەی شڵەقاند، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بوو لە بەیرووت بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە. ئیسرائیل ئەوکات رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵا، بەڵام ناوی هیچ سەرکردەیەکی ئەو بزووتنەوەیان نەهێنا کە کرابێتە ئامانج.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل کە نەسروڵڵای تێدا کرایە ئامانج لە 28-09-2024 کرا، بەڵام کوژرانی ئەمیندارەکە لەلایەن ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش رۆژێک دواتر پشتڕاستکرایەوە. ئێران ئەوکات رایگەیاند: "خوێنی بەفیڕۆ ناچێت." 
 
 
رۆژی 01-10-2024 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل. ئەوان گوتیان، لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵایە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد، باجەکەشی دەدات."
 
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لەماوەی 11 مانگی رابردوو، نزیکەی 2000 کەس کوژراون و نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش لە ترسی جەنگ ماڵەکانیان چۆڵکردووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی دیکەی کردە سەر باشووری لوبنان، بەگوتەی بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی کە قسەیان بۆ میدیای نێوخۆ و ئەمریکی کردووە، لەو هێرشەدا هاشم سەفیەدین، جێگری پێشووی نەسروڵڵا و شوێنگرەوەی ئێستایان کردووەتە ئامانج، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ چارەنووسی دیار نییە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک سەربازی سوپای ئیسرائیل. وێنە: AA

سوپای ئیسرائیل دوو سەربازی سوپای لوبنان دەکوژێت

سوپای لوبنان دەڵێت، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی سوپای لوبنان، سەربازێکی لوبنان کوژراوە، تاوەکو ئێستا سێ سەربازی لوبنانی بەهۆی هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون.