ئەمریکا تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان ئاراستەی شەش بەرپرسی حەماس دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان ئاراستەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حەماس دەکات، لەنێویاندا یەحیا سینوار، کە بە بەرپرسیار لە پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر تۆمەتباری کردوون.
 
مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمریکا دەڵێت، "وەزارەتی داد لیستی تۆمەتەکانی دەخاتەڕوو دژی یەحیا سنوار و گەورە سەرکردەکانی دیکەی حەماس کە بەرپرسن لە پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بۆسەر ئیسرائیل. هەروەها حەماس تۆمەتبارە بە پارەدارکردن و ئاراستەکردنی هەڵمەتێكی چەندین ساڵە بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئەمریکا و مەترسی خستنەسەر ئاسایشی ئەمریکا. ئەو تۆمەتبارانە کە لەلایەن ئێران و بە پشتگیریی حیزبوڵڵا چەک و هاوکاریی دارایی کراون، هەوڵی لەنێوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلیان داوە، بۆ ئەو مەبەستەش خەڵکی سڤیلیان کوشتووە."
 
ناوی تۆمەتبارەکان کە وەزیری دادی ئەمریکا خستوونیەتەڕوو، بریتین لە:
 
- یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس
- ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس؛ کە لە 31ی تەممووزی ئەم ساڵ لە تاران کوژرا
- خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی حەماس
- محەممەد میسری ناسراو بە محەممەد زەیف، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی قەسام
- مەروان عیسا، جێگری محەممەد زەیف
- عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حەماس
 
لە لیستی تۆمەتەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە، "حەماس بەرپرسە لە کوژران یان برینداربوونی هەزاران سڤیل، لەنێویاندا هاووڵاتیی ئەمریکایی و لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەریشدا 40 ئەمریکیی سڤیل کوژران."
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بوونی ناوی هەنییە لە لیستی تۆمەتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لیستەکە لە شوباتی ئەم ساڵ ئامادە کرا، بەڵام کوژرانی هێرش پۆلین، بارمتەی ئەمریکی لە غەززە لە 1ی ئەم مانگەدا بووە هۆی راگەیاندنی لیستی تۆمەتەکان.
 
کارین ژان پییەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، "بە هەڵەدا مەچن، سەرکردەکانی حەماس باجی تاوانەکانیان دەدەن. سەرۆک بایدن بە روونی گوتوویەتی کار و کردەوەکانی حەماس وێرانکەرن و بێ سزا تێناپەڕێندرێن."
 
یەحیا سینوار شوێنی نادیارە، ئیسماعیل هەنییە لە ژیاندا نەماوە، محەممەد زەیف و جێگرەکەی نازانرێت مردوون یان ماون، ئەوەی دەمێنێتەوە خالید مەشعەل و عەلی بەرەکەیە کە لە رۆژی کوژرانی هەنییەوە شوێنی دیاریکراویان نەماوە و پێناچێت دەستگیرکردن یان کوشتنیان ئاسان بێت.