نەتەنیاهوو: هێرشدەکەینە سەر بەیرووت، یەمەن یان هەر شوێنێکی دیکە کە پێویست بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی وڵاتەکە رایانگەیاند، بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بەرگریی لە وڵاتەکەیان دەکەن و ئامادەن لە هەموو شوێنێک رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی جیهان لە هەوڵی رێگرین لە زیادبوونی گرژییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئەو گرووپانەی بە نزیک لەو وڵاتە دادەندرێن.
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئابی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی یەکێک لە کەسایەتییەکانی وڵاتەکەی لە قودس-ئۆرشەلیم رایگەیاند، "ئێران و هاوکارەکانی چاویان لەوەیە لە بە تیرۆر گەمارۆمان بدەن. ئێمە بڕیارمانداوە لە هەموو بەرەیەک و لە هەموو گۆڕەپانێکدا دژی ئەوان بوەستین – لە نزیک و دوورەوە." دەشڵێت، "هەر کەسێک بیەوێت زیانمان پێبگەیێنێت، باجێکی قورس دەدات."
نەتەنیاهوو لە هەڕەشە و هۆشدارییەکانی بەردەوام بوو و گوتی، "بە دەستە رۆیشتووەکانمان هێرشدەکەینە سەر کەرتی غەززە، یەمەن، بەیرووت یان هەر شوێنێک پێویست بێت." پێش چەند کاژێرێکیش لە گوتەکانی نەتەنیاهوو، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئامادەیی بەرگرییمان لە ئاستێکی بەرزدایە، جا مەترسییەکە لە زەوی بن یان ئاسمان."
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدان، ئێران و حیزبووڵا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لەو وڵاتە دەکەن لە بەرامبەر کوژرانی فوئاد شکور، فەرماندەی حیزبوڵـڵا و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس. لەوەی یەکەم ئیسرائیل بەرپرسیاری کوشتنی راگەیاندووە بەڵام هیچی دەربارەی ئەوەی دیکە نەگووتووە.
لەبارەی ئەگەری کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماسدا، نەتەنیاهوو گوتی، "دەستمان دەگاتە هەر کەسێک کە بییەوێت پەیوەندییەکی ئاشتییانەی لەگەڵماندا هەبێت. پێموایە ئاشتی لەگەڵ کەسانێک دەکرێت کە بەهێز بن نەوەک لاواز."
ئەمریکا ئامادەیە بەرگریی لێبکات
لە دوای کوژرانی هەنییەوە لە رۆژی 31ی تەممووزی ئەم ساڵ، بەرپرسانی ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیسرائیل و ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی بە نزیک لەو وڵاتە دادەندرێن دەکات، بەڵام هەموو کات پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتە دووپاتکردووەتەوە و هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ رێگریکردن لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە دەدات.
جۆناسان فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمریکا "ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرێک دەکات، وەکو ئەوەی پێش 13ی نیسان کردی کاتێک ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی کاریان لەگەڵ ئیسرائیل کرد بۆ شکستهێنان بەو هێرشە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمریکا ژمارەیەک کەرەستەی خۆی بەرەو ناوچەکە دەجوڵێنێت بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر بەرگریی لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بکات."
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پەرەسەندنەکانى دۆخى هەرێمى و نێودەوڵەتى و رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخى ئێستا تاوتوێ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە محەممەد شیاع سوودانى، جەختى کردووەتەوە کە رێگرى لە ئاڵۆزبوونى دۆخى ناوچەکە بەندە بە راگرتنى هێرش بۆ سەر کەرتى غەززە و رێگرى لە فراوانبوونى بۆ لوبنان و هێرشکردنى ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.
نووسینگەی سەرۆکایەتی فەرەنساش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، شا عەبدوڵـڵای دووەم، شای ئوردن و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.
لەو پەیوەندییەدا هەردوولا "نیگەرانی قوڵی خۆیان" و "پێویستی دوورکەوتنەوە لە زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە (رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) بە هەر نرخێک بێت" دەربڕی. هەروەها، "داوایان لە لایەنەکان کرد واز لە تۆڵە سەندنەوە بهێنن، دانبەخۆیاندا بگرن و دڵنیایی ئەمنی بدەنە خەڵکەکەیان."
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی7 لەبارەی پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزیری دەرەوە (ئەمریکا) و وەزیرانی دەرەوە (ی وڵاتانی جی7) گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک کە دڵنیایی لە ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە بکات."
سەرەتای زیادبوونی گرژییەکان
رۆژی 27ی تەممووز، لە هێرشێکی مووشەکی دا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل دایە، 12 کەس کوژران و 34ـی دیکە برینداربوون. ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەی کرد، ئەو گرووپەش رەتیکردەوە هێرشەکەی کردبێت.
لە رۆژی 30ی تەممووزدا،دوای کوژرانی فواد شوکر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکانی کردەوە.
دوو رۆژ دوای ئەوە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "ئەمڕۆ نامەوێ گوتار بدەم و وشەکان ریز بکەم. تەنیا ئەو رستەیە دەڵێم؛ بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. دووپاتی دەکەمەوە، بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. هیچ قسەیەکی دیکە هەڵناگرێت و مشتومڕی ناوێت. لەنێوانماندا تەنیا شەو و رۆژ و گۆڕەپان هەیە."
دوای کوژرانی هەنییەش لە رۆژی 31ی تەممووز، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە و لەنێو کۆبوونەوەکە، فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.