حەماس شوێنگرەوەیەک بۆ ئیسماعیل هەنییە هەڵدەبژێرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس دەستیکردووە بە کۆبوونەوە و پلاندانان بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ شوێنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە کە 31ـی تەممووز لەدوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، لە تاران کوژرا.
 
سەرۆکی نوێ لەلایەن دەستەیەکەوە هەڵدەبژێردرێت کە پێی دەڵێن 'ئەنجوومەنی شوورا'، ئەم ئەنجوومەنە دەیان ئەندام لەخۆدەگرێت، کە 60ـیان لە غەززەن، ژمارەیەک لە کەرتی رۆژئاوا و هەندێکیان لە زیندانەکانی ئیسرائیل و ژمارەیەکی زۆریشیان لە دەرەوەن.
 
ئەگەری زۆرە شوێنی کۆبوونەوەکانی ئەو دەستەیە لە قەتەر بێت، بەڵام زۆربەی کارەکانی بە نهێنی بەڕێوەدەچن و نازانرێت ئەندامانی دیکەی لە غەززە بە چ شێوەیەک دەنگ دەدەن.
 
ئەو ناوانەی لە میدیادا دەهێندرێن پێکدێن لە خالید مەشعەل، خەلیل یەحیا، یەحیا سەنوار، نزار ئەبو رەمەزان، زاهیر جەبارین و موسا ئەبو مەرزووق. 
 
حەماس رایگەیاند، لە رۆژی کوژرانی ئیسماعیل هەنییەوە چەند کۆبوونەوەیەکیان لەسەر ئاستی 'مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی شوورا' کردووە، دەڵێت "سەرکردایەتی بزووتنەوەکە دەستیکردووە بە پرۆسەیەکی فراوانی راوێژکاری لەنێو سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ بزووتنەوەکە."
 
هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ رۆڵی کاریگەری دەبێت لە هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی لەم کاتەی شەڕی غەززە کە نزیکەی 10 مانگی تێپەڕاندووە و نزیکەی 40 هەزار کەس کوژراون.
 
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت "خەڵک و گەل دڵنیادەکەینەوە دامەزراوەکانی سەربە بزووتنەوە و ئەنجوومەنی شورا، کاری خۆیان دەکەن و میکانیزمی کاریگەریان بۆ درێژەدان بە مقاوەمە لەبەردەستە."
 
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت هەر کاتێک راوێژکاری و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ تەواو بوو، ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت، هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە میدیاکان سەبارەت بە هەندێ بەربژێر بڵاویانکردووەتەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە