لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە سێ کەس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا و لە ئەنجامدا لانیکەم سێ کەس کوژران و 18ی دیکە بریندار بوون.
 
حکومەتی کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، داوا لە کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، گوشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی جەنگ بوەستێنێت. حکومەتەکە هێرشەکانی ئیسرائیل بە "جینۆساید" ناودەبات.
 
هێرشەکە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل لانیکەم 17 کەسی دیکەی سڤیلی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی نێوەڕاستی شاری غەززە کوشت، کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.
 
میدیای فەلەستینی ئاماژە بەوە دەکات، شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بەردەوامبووە لە تۆپبارانکردنی گەڕەکی زەیتوون و هەردوو کەمپی بەریج و نوسەیرات لە کەرتی غەززە.
 
سوپای ئیسرائیلیش ئەمڕۆ رایگەیاند، رۆژی شەممە سەربازێکی لە باشووری کەرتی غەززە بە سەختی بریندار بووە.
 
لە سەرەتای جەنگەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 39 هەزار و 550 کەس، کە بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
جەنگەکە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا هەزار و 197 کەس کورژان، ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە کە هەموو سەرکردەکانی بزووتنەوە فەلەستینییەکە بکوژێت.
 
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ئەوانەی لەو رۆژەدا کوژران، زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. چەکدارە فەلەستینییەکان هەروەها 251 کەسیان بە بارمتە گرت، کە 111 هێشتا لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو 111یە، 39یان کوژراون و بە تەرم لەوێ ماون.