ئیسرائیل هۆشداری دەداتە حکومەتی سووریا و حیزبوڵڵای لوبنان

04-08-2020
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن سووریا ئیسرائیل
A+ A-

 

رووداو- هەولێر

 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدات و دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی زۆر بە تووندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە کە بکرێتە سەر ئیسرائیل.

بنیامین نەتەنیاهوو لە گوتەیەکیدا لە بنکەیەکی سەربازی لە ناوەندی ئیسرائیل گوتی، سوپای وڵات لە سووریا ئامانجێکی بۆردوومانکرد و رایشیگەیاند، "هەر کارێک دەکەین کە پێویست بێت بۆ پاراستنی خۆمان. ئەمانە گوتەی بێ کردار نین. ئەم قسانە پاڵپشتی دەوڵەتی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیلیان لەگەڵدایە و هەربۆیە دەبێت زۆر بە جیدی وەربگیرێن".

شەوی رابردوو هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەند ئامانجێکی لە باشووری سووریا بۆردوومانکرد. سوپای ئیسرائیل گوتی، هێرشەکەیان کاتێک ئەنجامداوە کە هەوڵێک هەبووە بۆئەوەی بڕێک تەقەمەنی لە بەرزاییەکانی جۆلان دابنرێت و بڵاویشیکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 4 کەس کوژراون کە سەرقاڵی دانانی تەقەمەنییەکە بوون.

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی هەوڵی دانانی تەقەمەنییەکەیان داوە چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان بوون.

میدیای فەرمیی سووریاش بڵاویکردەوە، کۆپتەرە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەندێک ئامانجی سوپایان لە نزیک قونەیتەرە لە باشووری سووریا بۆردوومانکردووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە. میدیای فەرمیی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی بەرگریی وڵات لە نزیک دیمەشق چالاکبووە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل لە لایەک و سووریا و حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەکی دیکە زیادبوون.

لە ساڵی 2011ەوە کە قەیرانی سووریا دەستیپێکردووە، سوپای ئیسرائیل سەتان ئامانجی لەناو سووریا بۆردوومانکردوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە