حیزبوڵڵای لوبنانی سوپایەکی ئەلیکترۆنی لە عێراق دروستکردووە

04-08-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن حیزبوڵڵای لوبنان عێراق سوپای ئەلیکترۆنی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
توێژینەوەیەکی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە کە  حیزبوڵڵای لوبنانی، مەشق بەسەدان چالاکڤانی سۆسیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات، لەپێناو دروستکردنی "سوپای ئەلیکترۆنی" لە هەموو ناوچەکەدا، بۆ بەرژەوەندی هەژموونی ئێران.
 
رۆژنامەکە دەڵێت لە ساڵی 2012ەوە،  حیزبوڵڵا خولی بەردەوام بۆ فێرکردنی بەشداربووان دەکاتەوە، لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ وێنەی دیجیتاڵ، بەڕێوەبردن و ئامادەکردنی ژمارەی زۆری ماڵپەڕ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناڕاستەکان، دروستکردنی گرتەی ڤیدیۆیی، خۆپاراستن لە چاودێرییەکانی فەیسبووک و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، لەپێناو بڵاوکردنەوەی ترس و خستنەوەی ناکۆکی لە نێو ئەو لایەنانەدا کە لەسەر ئینتەرنێت چالاکن لە دژایەتیکردنیدا.
 
بەپێی توێژینەوەکە، لەو خولانەدا چالاکڤانانی سۆسیالمیدیا لە عێراق، سعودیە، بەحرەین و سووریا بەشدارییان کردووە. خولەکان لە نێو باڵەخانەیەکی سێ نهۆمیدا لە ناوچەی باشووری بەیرووت بەڕێوەدەچن.
 
محەممەد کە گەنجێکی عێراقییە و بەشداری لە خولەکاندا کردووە، دەڵێت لە دەرەوە باڵەخانەکە وەک شوێنێکی داڕووخاو دێتە بەرچاو، بەڵام لە ناوەوەدا، پڕی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووە، روونیکردووەتەوە کە هەر خولێک ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
شرۆڤەکاران دەڵێن ئەو خولانە تیشک دەخاتە سەر "هەژموونی پیسی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەو رێگە نایاساییانەی دەیگرێتە بەر بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیاکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو ناوچەیەی رۆژ لە دوای رۆژ، دابەشبوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت".
 
مەشقە دیجیتاڵییەکانی حیزبوڵڵا، بریتییە لە چاوپێکەوتنی زیاتر لە 20 سیاسی و شرۆڤەکار و پسپۆرانی سۆسیالمیدیا، لەگەڵ ئەندامێکی یەکەی کردە دەروونییە سەربازییەکانی عێراق و ئەندامێکی هەواڵگریی عێراق و چەندین پسپۆری پێشووی بە سەربازکردنی ئەلیکترۆنی.
 
بەر لەوەی رووبکاتە بەیرووت، داوا لە محەممەد کراوە قسە لەگەڵ کەسدا نەکات لەبارەی گەشتەکەیەوە بۆ بەیرووت، لە کاتی خولەکەدا کە دە رۆژی تەواو بەردەوامبووە، لە رێگەی کامێراوە چاودێریی هەڵسوکەوتی بەشدارەکان کراوە لە ماوەی مانەوەیاندا لە بەیرووت، رۆژنامەکە وا دەڵێت.
 
پێشەسازیی چەواشەکاری
 
لاوە عێراقییەکە دەڵێت "کاتێک گەیشتمە بەیرووت، هەستم بەدڵەڕاوکێ کرد، بەهۆی نهێنییپارێزی تووندی کارەکەوە". ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێک لە سەرکردەکانی  حیزبوڵڵا، بە بەرگی ئاینیی تەقلیدییەوە لە کەمپی نابلس پێشوازی لێکردوون، دواتر بۆ پاراستنیان ناوی خواستراویان لێنراوە. رۆژی دواتر چاوی بەو مەشقدەرانە کەوتووە کە بەشە گرنگەکانی خولەکەیان بۆ روونکردووەتەوە، ئەوان جلوبەرگی ئاساییان لەبەردابووە و ردێنیان نەبووە.
 
محەممەد کە دواتر بووەتە مەشقدەری چەندین گەنجی دیکە، روونیکردووەتەوە: "کاتێک چاوم بە مەشقدەر و پسپۆرەکان کەوت و تێگەیشتم کە خولەکە چەندە بەهێزە، ویستم بۆی زیاتر بوو".
 
ساڵانی دوای یەکەم خول کە لە 2015دا بەشداری تێدا کرد، محەممەد بەردەوامبوو لە ناردنی دەیان کەسی دیکە بۆ بەشداریکردن لە خولی هاوشێوەدا لە بەیرووت، لە چەندین بواری جیاوازدا، دواتر ئەو کەسانە هاوکاربوون لە دروستکردنی گرووپی نوێی شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاککردندا.
 
محەممەد دەڵێت ئەوە پیشەسازیی دروستکردنی وەهم و چەواشەکارییە،  حیزبوڵڵا لە رێگەی ئەو خولانەوە، ملیۆنان دۆلاری دەستدەکەوێت.
 
هەرچی عەبدوڵڵایە، کە سیاسییەکی نێو یەکێک لە حیزبە گەورە سیاسییەکانی عێراقە و بەشدارییکردووە لە ناردنی خەڵک بۆ بەیرووت لەپێناو بەشداریکردن لەو خولانەدا، لەبارەی چۆنیەتی دروستکردن و بەڕێوەبردنی دۆسێ کەسییە دروستکراوەکان، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت "ئەوە بووەتە بازرگانییەکی نوێ بۆ  حیزبوڵڵا، ئەو کەسانەی ناردمانن لێهاتووییەکانی خۆیان پەرەپێدا لە بەیرووت. کاتێک گەڕانەوە دەستیانکرد بە مەشقدانی کەسانی دیکە لە ناو عێراقدا". ئاماژەی بەوەشداوە کە خولی مەشقی هاوشێوە لە ئێران هەیە، بەڵام بەهەمان ئاسانی و هەمان گەورەیی نییە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن 18 دەوڵەتەوە، لە نێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و جامیعەی عەرەبی، بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.
 
لە راپۆرتێکی ساڵی 2011ی کۆنگرێسی ئەمریکادا هاتووە، ئەو حیزبە بەردەوامە لە "چالاکی و مەشقدان و پەیوەندیکردن لەگەڵ یاخیبووە شیعەکانی ناو عێراق" هەر ئەوەش هۆکاری بەردەوامبوونە لە هێشتنەوەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی.
 
برەودان بە تووندوتیژی
 
لە نێو ئەو گرووپانەدا کە لە بەیرووت مەشقیان پێدراوە، کەتیبەکانی  حیزبوڵڵای عێراقن، کە گرووپێکی نیمچە سەربازیی بەهێزە و پەیوەندی تووندوتۆڵی بە  حیزبوڵڵای لوبنانییەوە هەیە. ئەو گرووپە هەڵمەتی گەورەی لەسەر سۆسیالمیدیا لە ساڵی 2019دا کرد، بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەخۆی، بەبڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی کواڵێتیی بەرز، کە مەبەست لێی بە ئامانجکردنی کەسایەتییە گشتییە عێراقییەکان بوو کە حیزبەکە بە 'دژبەر'ی خۆیانی دادەنێت.
 
بەپێی توێژینەوەکە، یەکێک لە رێوشوێنە باوەکان کە ئەو سوپا ئەلیکترۆنییە بەکاریدەهێنێت، بریتییە لە دروستکردنی تۆڕی گەورەی ماڵپەرە ناڕاستەکان کە ئامانجی گەورەکردنی نامەیەکی دیاریکراو، یان لایک یان کۆمێنتێکە و پێکەوە چەندین ماڵپەری دروستکراو، هەمان بابەت بڵاودەکەنەوە و بەوەش دەگاتە زۆرترین کەس.
 
موهەند سەماوی، سەرۆکی سەنتەری دیجیتاڵ میدیای عێراقی، کە سەنتەرێکی سەربەخۆیە بۆ چاودێری و شیکردنەوەی دەزگاکانی راگەیاندن پێیوایە، کاریگەریی زانیارییە ناڕاستەکان لە سۆسیالمیدیادا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت لە وڵاتانی وەک عێراقدا، کە دامەزراوەی حکومی و رۆژنامەڤانیی بەهێزی نییە، لە ئەوروپا و ئەمریکا زۆر گەورەترە.
 
ئەو زیاتر دەڵێت "لێدوانەکان و نامە هەڵبەستراوەکان کە هانی تووندوتیژی دەدات، کە لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێنەوە، دەکرێ بەئاسانی ببێتە هۆکاری تووندوتیژی راستەوخۆی بکوژ، لە ژیانی راستەقینەی عێراقییەکاندا، بڵاوکردنەوەی زانیارییە هەڵبەستراوەکان، زیانی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت".
 
کوژرانی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سەربازی لە 6ی شوباتی رابردوودا، تووڕەییەکی زۆری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، هەزاران کەس وێنەی ئەو نامانەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای لەناوبردنی کراوە و هەڕەشەی لێکراوە. هەندێک گوتیان پێویستە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر، هەندێک لە بەرپرسیاریەتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ بگرن.
 
پێکدادان و پرۆسەکانی کوشتن
 
لە ئایاری رابردوودا، فەیسبووک 324 پەیج و 71 ئەکاونتی پێنج کۆمەڵە و 31 ئەکاونتی لەسەر ئینستاگرام داخست، کە هەموویان کوردستانیان کردبووە ئامانج.
 
تەلەگراف دەڵێ لە عێراقدا، هەواڵە هەڵبەستراوەکان و بڵاوکردنەوەیان لە سۆسیال میدیادا، بە ئامانجی سیاسیی دیاریکراو، ئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە، لە نێویدا پێکدادانی تووند و کوشتنیش.
 
جویل جولهان، شرۆڤەکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە کۆمەڵەی ریسکی راوێژکاری دەڵێت "حیزبوڵڵا بە چەندین رێگەی جیاواز، پشتگیری خۆی بۆ ئەو لایانانەی ناوچەکە دەرخستووە کە ئایدیۆلۆژیایان وەک ئایدیۆلۆژیای خۆیەتی".
 
ئەو زیاتر دەڵێت "بەکارهێنانی زانیارییە ناڕاستەکان، بۆ شاردنەوە و لەناوبردنی راستییەکان، بەشێوەیەکی گشتی ئامانجیان ئەوەیە وا لە خەڵک بکەن، متمانەیان بەهیچ شتێک نەمێنێت، هەروەها هەستی نێگەتیڤیان بەرامبەر رووداوە دیاریکراوەکان هەبێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بۆردوومانێکی پێشووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.

حەماس: بە مووشەک هێرشمانکردە سەر تەلئەڤیڤ

بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر تەلئەڤیڤ. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشەکە زیانی نەبووە.