بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل فەرماندەیەکی دیکەی حیزبوڵڵا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنن، فەرماندەیەکیان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان کوژرا، ئەوەش دووەم بەرپرسی گرووپە لوبنانییەکەیە لە سێ هەفتەی رابردووەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بکوژرێت.
رۆژی چوارشەممە (3ـی تەممووزی 2024) حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی فەرماندەیەکی بەناوی محەممەد ناعم ناسر لە باشووری لوبنان رایگەیاند.
ئاژانسی فەرمیی لوبنان رایگەیاند "درۆنێکی دوژمن، ئۆتۆمبێلێکی لە شاری سوور بە دووریی 20 کیلۆمەتر لە سنوور" کردووەتە ئامانج.
محەممەد ناعم ناسر، سێیەم فەرماندەی گرووپەکەیە کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە کوژرابێت.
مانگی رابردوو، بەهۆی مووشەکبارانکردنی سنوورەکانی لوبنان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، فەرماندەیەکی گرووپەکە بەناوی تالیب عەبدوڵڵا کوژرا، کە بووە هۆی ئەوەی حیزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بکاتەوە.
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا ئیسرائیل یەکێکی دیکە لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵای بەناوی ویسام تەویل کوشت.
ترسی بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی جەنگەکە وایکردووە هەوڵە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل زیاتر ببێت.
دووشەممەی ئەم هەفتەیە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد رێگە لە تەشەنەسەندنی جەنگەکە بگرێت.
رۆژی شەممە 29ـی حوزەیرانی 2024، نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هۆشداری بە ئیسرائیل دا و گوتی، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان، موقاوەمە لە هەموو بەرەکانەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە.
سەرەتای مانگی رابردووش سوپای ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر لوبنانی پەسند کرد، لە بەرامبەریدا حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری حیزبوڵڵای لوبنان هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی کرد.
لە ئەنجامی ئەو گرژییانەدا تائێستا 485 کەس لە لوبنان کوژراون، کە 94ـیان سڤیل بوون؛ لەگەڵ ئاوارەبوونی لانیکەم 100 هەزار کەس. لە باکووری ئیسرائیلیش 26 کەس کوژراون، کە 11ـیان سڤیلن.