سوپای ئیسرائیل لە کەمپی جنین دەستی بە کشانەوە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل لە کەمپی جنین لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دەستی بە کشانەوە کرد.
 
کشانەوەکە دوای ئەوە هات سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 03-07-2023 ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆسەر ئەو ناوچەیە دەستپێکرد و ئەوەش کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەدوادا هات.
 
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 03-07-2023 سەدان سەربازی سوپای ئیسرائیل بە بەکارهێنانی بیلدۆزەری سەربازی و درۆن هەڵیانکوتایە سەر کەمپی جنین.
 
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکدا بۆ بنکەیەکی سەربازیی نزیک کەمپەکە باسی لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کرد و گوتی، رێگە نادەن جنین ببێتەوە شوێنێک بۆ ئەو ئاوارانەی "خەریکی تیرۆرکردنن" و بەڵێنیدا کە "تیرۆر لە رەگەوە" دەربهێنین.
 
ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە چڕی بەڕێوەچوو و تێیدا 11 فەڵەستینی کوژران و نزیکەی 3000 کەسی دیکەش ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 120 گومانلێکراوی لە کەمپەکە دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات.
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، چوار کارگەی تایبەت بە دروستکردنی تەقەمەنییان لە کەمپەکە لەنێوبردووە.
 
 
برینداربوونی 7 کەس لە تەلئەڤیڤ
 
رۆژی سێشەممە هاووڵاتییەکی فەلەستینی لە تەلئەڤیڤ 7 کەسی بریندار کرد. بە گوتەی پۆلیسی شارەکە، ئەو هاووڵاتییە بە ئۆتۆمبێل و بە مەبەست لە چەند کەسێکی داوە و دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی چووەتە دەرەوە و بە "ئامێرێکی تیژ" چەند کەسێکی بریندار کردووە.
 
یاکۆڤ شابتای، بەرپرسی پۆلیسی تەلئەڤیڤ گوتی، "تیرۆریستەکە" خەڵکی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بووە و لەلایەن هاووڵاتییەکی چەکهەڵگرەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
 
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەستخۆشی لەو هاووڵاتییە کرد و رایگەیاند، ئەوەی کراوە "وەڵامدانەوەیەکی سەرەتاییە بۆ ئەو تاوانانەی لە کەمپی جنین بەرامبەر خەڵکی ئێمە دەکرێن."
 
کاردانەوە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکە
 
کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکە جیاواز بوو. ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی "بەرگری لە خۆی بکات"، بەڵام "ئەوەش دەڵێین کە دەبێت کاری لەپێشینە لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل بێت."
 
گوتەبێژێکیش بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش گوتی، ئیسرائیل مافی خۆیەتی "بەرگری لە خەڵکی خۆی بکات؛ پاڵپشتی لە ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خەڵکی خۆی بەرامبەر حەماس، جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکەین. بەڵام گرنگە هەموو رێکارەکانیش بگیرێنەبەر بۆ رێگەگرتن لە لەدەستدانی ژیانی خەڵکی سڤیل."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش گوتی، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە" سەیری زیادبوونی گرژییەکان دەکات، بەڵام "ئیسرائیل وەکو هەر وڵاتێکی دیکە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر تیرۆردا."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت سوپای ئیسرائیل پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بێت لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا.
 
بەرپرسێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانیی خۆی لەبارەی گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا و هێرشەکەی تەلئەڤیڤ دەربڕی و گوتی، "تووندوتیژی تەنیا تووندوتیژی لەگەڵ خۆی دەهێنێت". ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێویستە کۆتایی بە کوشتن، بریندارکردن و وێرانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵکی بهێندرێت."
 
 
کەمپی جنین چییە؟
 
کەمپی جنین یەکێکە لە کەمپە زۆر قەرەباڵخ و کەم خزمەتگوزارییەکانی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین.
 
لە شەڕی ساڵی 1948ی تایبەت بە دامەزراندنی ئیسرائیلدا 760 هەزار فەلەستینی لە شوێنی خۆیان هەڵاتن و کەمپی جنینیش لە ساڵی 1953 بۆ شوێنکردنەوەی هەزاران کەس لەو 760 هەزار کەسە دروستکرا. ئێستا کەمپەکە نزیکەی 18 هەزار کەسی تێدایە.
 
ئەو کەمپە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا شوێنێکی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی نێوان سەربازانی ئیسرائیلی و چەکدارانی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین بووە. ساڵی 2022 سوپای ئیسرائیل کەمپەکەی بۆ زیاتر لە مانگێک گەمارۆ دا و لە شەڕی سەختی نێوان چەکدارانی نێو کەمپەکە و سەربازانی ئیسرائیلدا 52 فەڵەستینی و 23 سەربازی ئیسرائیلی کوژران. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر لەو مانگەدا نزیکەی 400 خانوو رووخێندران و نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانەکەیشی ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
 
لە 18 مانگی رابردوویشدا دۆخی ئاسایشی کەمپەکە خراپ بووە. هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی فەڵەستینی رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە لانیکەم 50 هێرش بە چەک لەو کەمپە و نزیکیەوە کراون. ئیسرائیل دەڵێت، "فەیلەقی جنین" کە گرووپێکی چەکدارییە و باوەڕ وایە ئێران یارمەتی بدات، هەروەها ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی و فەتح ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بوون.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تووندوتیژی لەنێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان زیادیکردووە. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، 189 فەلەستینی، 25 ئیسرائیلی، ئۆکراینییەک و ئیتاڵییەک کوژراون.