حاجیان لە مەککە دەستیان بە تەوافی کەعبەی پیرۆز کرد

04-07-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەممووزی 2022ی زایینی، بەرامبەر بە 5ی زولحیجەی کۆچی، حاجیانی ماڵی خودا لە شاری مەککە دەستیان بە تەواف بە دەوری کەعبەی پیرۆزدا کرد، کە ئەوە بە یەکەمین قۆناخی جێبەجێکردنی ئەرکی حەج دادەنرێت.
 
ئەمساڵ رێگە بە یەک ملیۆن کەس دراوە حەج بکەن، کە 850 هەزاریان خەڵکی دەرەوەی سعودیەن؛ ئەوەش گەورەترین ژمارەی حاجییانە لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019، لە کاتێکدا لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کرابووەوە.
 
حەج یەکێکە لە پێنج فەرزەکانی ئایینی ئیسلام، لەسەر هەموو موسڵمانێکی خاوەن توانای جەستەیی، دارایی و عەقڵی، یەک جار پێویستە.
 
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، لەژێر گەرمای پلە بەرزی هاویندا، حاجیان بە چەترەوە بەنێو شەقامەکانی شاری مەککەی پیرۆزدا بڵاوبوونەوە بۆئەوەی سەردانی سەرتاشخانەکان و فرۆشگاکان بکەن. هەندێکی دیکەشیان لە شەقامەکانی نزیک لە ماڵی خودا، لەژێر سێبەری دارخورماکاندا نانی نیوەڕۆیان دەخوارد.
 
ژمارەیەکی زۆریشیان هەر لەو کاتەوە دەستیان بە سووڕانەوە بە دەوری کەعبەی پیرۆزدا کرد بۆئەوەی یەکەمین قۆناخی ئەرکە ئایینییەکەیان بەجێبگەیێنن.
 
محەممەد لوتفی، حاجییەکی خەڵکی میسرە و دەڵێت، "کاتێک یەکەمجار کەعبەم بینی، هەستم بە شتێکی سەیر کرد و دەستم بە گریان کرد."
 
بەرپرسانی سعودیە رۆژی یەکشەممە رایانگەیاندبوو، لانیکەم 650 هەزار حاجی لە دەرەوەی سعودیەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە.
 
ساڵی 2019، نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس بەشدارییان لە بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینییەکەدا کرد. ساڵی 2020یش کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەوە، رێگە بە خەڵکی دەرەوەی سعودیە نەدرا حەج بکەن و ژمارەی حاجییانی نێوخۆش بۆ تەنیا 10 هەزار کەس کەمکرایەوە.
 
ساڵی 2021 ژمارەی حاجییان بۆ 60 هەزار کەس بەرزکرایەوە، کە هەموویان خەڵکی نێوخۆی سعودیە بوون و ڤاکسینیان وەرگرتبوو. ئەمساڵ، تەنیا ئەوانەی کە لە تەمەنی خوار 65 ساڵیدان رێگەی بەشداریکردنیان پێدراوە، بۆئەوەی لەژێر رێکاری خۆپارێزیی تووند دا، ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە