فڕۆکەکانی ئیسرائیل پێگەکانی حەماس بۆردوومان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی حەماسیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد، بەڵام هێشتا زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەم هێرشە رانەگەیێندراون.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردوو پێگەی چەک و تەقەمەنی رێکخراوی حەماسی کردووەتە ئامانج.
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاندووە هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی حەماس لە رێگەی بالۆنی ئاگراوی کە رەوانەی ناوچەی ئاشکول لە باشووری ئیسرائیل، بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو بالۆنانە چوار ئاگری بچووکیان لەو ناوچەیە لێکەوتووەتەوە.
 
هێرشەکەی شەوی شەممە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینیش ئیسرائیل هێرشێکی هاوشێوەی کردە سەر پێگەکانی حەماس.
 
دوای 11 رۆژ شەڕکردن، رۆژی 21-5-2021 ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەمای فەلەستین، ئاگربەستیان راگەیاند. ئەو شەڕە بووە هۆی کوژرانی 260 فەلەستینی کە 66یان منداڵ بوون، هەروەها لە ئیسرائیلیش 13 کەس کوژران کە یەکێکیان منداڵ بوو.
 
کەرتی غەززە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵی بزووتنەوەی حەماس دایە، ماوەی 15 ساڵە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەماڕۆی خراوەتەسەر.
 
دوای شەڕە 11 رۆژییەکە، کەرتی غەززە تاڕادەیەک ئارامی بۆ گەڕابووەوە، بەڵام دوو رۆژە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە سەریهەڵداوەتەوە. رۆژی شەممە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، کەسێک بەناوی محەممەد فەرید حەسەن، لە گوندی قوسرە لە نزیک شاری نابلس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا و دووانی دیکەش بریندارکراون.