حەماس: ئیسرائیل بە مەبەست گفتوگۆکانی ئاگربەست درێژ دەکاتەوە

05-06-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە مەبەست گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست درێژ دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر رێککەوتنێک ئاگربەستی هەمیشەیی تێدا نەبێت، حەماس رەتی دەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024 ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس گوتی، "وەڵامی ئیسرائیل بۆ نێوەندگیران سەبارەت بەو پێشنیازەی کە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست کراوە، دەرگای گفتوگۆی نەبڕاوە لەسەر هەموو شتێک دەکاتەوە."
 
گوتەی ئەو بەرپرسەی حەماس دوای ئەوە هات کە ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، چاوەڕێی ئەوە دەکەن "هەڵوێستێکی روون"ی ئیسرائیلیان لەبارەی پێشنیازەکەوە پێبگات.
 
قەتەر شانبەشانی ئەمریکا و میسر چەندین مانگە وەکو نێوەندگیر لەسەر هێڵن بۆئەوەی حەماس و ئیسرائیل بگەنە ئاگربەست.
 
حەمدان ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس بە ئاگربەستێک رازی نابێت کە نەبێتە هۆی راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە غەززە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی سیشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە جەنگی غەززە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنێت.
 
رۆژی 31-05-2024 بایدن لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند "ئیسرائیل پێشنیازێکی نوێ و تێروتەسەلی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە کردووە."
 
بایدن لەکاتی روونکردنەوەی هێڵە گشتییەکانی ئەو پێشنیازەی ئیسرائیل، کە بە گوتەی خۆی لە رێگەی قەتەرەوە بۆ حەماس نێردراوە، گوتی، "پێشنیازەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. قۆناخی یەکەم شەش هەفتەیە و تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە."
 
هەر لە قۆناخی یەکەمی ئەو پێشنیازە، هەروەک بایدن رایگەیاند، ئەو بارمتانە ئازاد دەکرێن کە ژن، بەساڵاچوون و بریندارن؛ بارمتەکان لەگەڵ سەتان بەندکراوی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
 
سەرۆکە 81 ساڵییەکە گوتیشی، "لەماوەی ئەو شەش هەفتەیەی قۆناخی یەکەم، ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت."
 
بایدن داوای لە حەماس کرد پێشنیازەکە پەسندبکات و بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی، "ئێستا کاتی ئەوەیە جەنگەکە بوەستێت. ئەگەر حەماس پابەندیی خۆی بپارێزێت، ئاگربەستە کاتییەکە دەبێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی."
 
ئەوەی لەبارەی دوو قۆناخەکەی دیکەی پێشنیازەکەیە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "لە قۆناخی دووەم ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیش، پلانی بنیادنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت."
 
ئەوەی لەبارەی حەماسە، بایدن گوتی، "ئێستا حەماس توانای دووبارەکردنەوەی هێرشێکی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەری نییە و ئیسرائیلیش دەیەوێت دڵنیابێتەوە بەرژەوەندییەکانی پارێزراون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە