مەحموود عەباس: ئێران ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی فەلەستینییەکان بکاتە قوربانی

04-06-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین رایدەگەیێنێت، پشتگیریی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل "ئاماژەیەکی روونە، کە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان ئامادەن خوێنی فەلەستینییەکان بکەنە قوربانی."
 
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، رەخنەی لە هەڵوێست و پشتگرییەکانی ئێران و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گرت و، رایگەیاند "تەنیا فەلەستینییەکانن، باجی هێرشەکانی ئیسرائیلیان داوە."
 
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین دەڵێت "فەلەستینییەکان بەتەنیا بوونەتە قوربانیی جەنگەکە و خوێنیان رژاوە. ئەو جەنگە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 36 هەزار کەس و برینداربوونی 83 هەزار کەسی دیکە، بێجگە لە وێرانکردنی ژێرخان و نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسەکانی غەززە و ئاوارە و دەربەدەربوونی هەزاران کەس." 
 
رۆژی دووشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاندبوو، هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کردەوەیەکی "پێویست بوو بۆ ناوچەکە" و، "زیانێکی گەورەشی بە ئیسرائیل گەیاندووە." 
 
لەدرێژەی گوتارەکەیدا، خامنەیی پێشبینی لەنێوچوونی "رژێمی زایۆنی" کرد و ئاماژەشی بەوە کرد؛ هێرشەکانی حەماس، "پلانی دوژمنیان لەنێوبردووە." 
 
لە پاش ئەو گوتارە، مەحموود عەباس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئەو جۆرە لێدوانانەی هاوشێوەی خامنەیی، بەڕوونی ئامانجەکەیان ئاشکرا دەکات، کە خوێنی هەزاران منداڵ، ئافرەت و پیری فەلەستینی بکەنە قوربانی و خاکی فەلەستین وێران بکەن." 
 
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین ئاماژەی بەوەشکرد ئەو سیاسەتەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی رایاگەیاندووە "خزمەت بە ئامانجە نیشتمانییەکانی فەلەستین و ئازادکردنی قودس ناکەن." 
 
مەحمود عەباس رەخنەشی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوامە لە ڤیتۆکردنی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەتن بە گەڕاندنەوەی مافە رەواکانی فەلەستینییەکان و لەهەمان کاتیشدا، بەردەوامن لە پڕچەککردنی ئیسرائیل. 
 
عەباس لە رابردووشدا رەخنەی لە پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینی وەکو جیهادی ئیسلامی کە رکابەری سەرەکیی فەتحی فەلەستینین کە مەحمود عەباس سەرۆکایەتیی دەکات، گرتووە و سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە رێگەی پشتگرییەکانی بۆ ئەو گرووپانە "ناسەقامگیری" لە ناوچە جیاجیاکانی فەلەستین دروست دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە