رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوای یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان فەتوایەک سەبارەت بە بەردەوامیی هێرش بۆ سەر غەززە و پێشێلکردنی ئاگربەست دەردەکات، کە "جیهادی چەکداریی دژ بە داگیرکاری لە فەلەستین لەسەر هەموو موسڵمانێکی بەتوانا لە جیهانی ئیسلامی واجب کردووە."
یەکێتییەکە بە پێویستی دەزانێت، "دەستێوەردانی سەربازیی خێرا لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە بکرێت" و باسی لە پێویستیی گەمارۆدانی ئیسرائیل لە بوارەکانی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و دابینکردنی پێویستی لەڕووی سەربازی، دارایی و سیاسی کردووە.
یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان داوای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئیسلامی "بۆ پاراستنی میلـلەت و راگرتنی هێرشەکانی غەززە کردووە."
یەکێتییەکە چەند داوایەکی دیکەیشی کردووە، ئەوانیش بریتین لە، "قەدەخەکردنی ئاساییبوونەوە لەگەڵ دووژمن، قەدەخەکردنی دابینکردنی نەوت و گاز بۆ ئیسرائیل، چاو خشاندنەوە بەو پەیماننامە ئاشتییانەی هەندێک وڵاتی عەرەبی لەگەڵ قەوارەی داگیرکەردا ئەنجامیان داوە و، پێویستی جیهادی دارایی بۆ پشتیوانی براکانمان لە غەززە و خێرا کردنەوەی دەروازەکان."
هاوکات یەکێتییەکە داوایەکیشی ئاراستەی پێکهاتە موسڵمانەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بەوەی، گوشار بخەنە سەر ترەمپ و حکومەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بۆ راگرتنی دەستدرێژی و هێنانەدیی ئاشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ