رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی ئاسایشی دەوڵەت و باری لەناکاوی میسر، بە "تاوان"ی کوشتنی خۆپێشاندەران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەشت سەرکردەی باڵای ئیخوان موسلیمین دا سەپاند.
رۆژی دووشەممە، 04-03-2024، دادگەیەکی میسر لەسەر کەیسێک کە بە "رووداوەکانی سەکۆ"، ناسراوە سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەشت سەرکردەی باڵای ئیخواندا سەپاند.
ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، محەممەد بەدیع، سەرپەرشتیاری گشتیی ئیخوان، مەحموود عیزەت، یاریدەدەری سەرپەرشتیاری گشتیی و محەممەد بەڵتەجی، عەمرو زەکی، ئوسامە یاسین، سەفوە حیجازی، عاسم عەبدولماجید و محەممەد عەبدولمەسقود، ئەندامانی سەرکردایەتیی ئیخوانن.
هەروەها دادگەکەی میسر سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر 37 ئەندامی دیکە ئەو گرووپەدا سەپاند. لەگەڵ سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر شەش سەرکردە، 10 ساڵ زیندانی بەسەر حەوت ئەندامی باڵای دیکەدا، هەروەها 21 لە تۆمەتبارەکان بێ تاوان دەرچوون و ئازاد کران.
رووداوەکانی سەکۆ، باس لە شەڕوپێکدادانەکانی رۆژی 3ـی تەممووزی 2013 دەکات، لە نزیک گۆڕەپانی رابیعەی عەدەوی لە شاری قاهیرە، لەنێوان لایەنگرانی محەممەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر و هێزە ئەمنییەکانی میسر لەدوای لەسەرکارلادانی مورسی.
بەگوێرەی داواکاری گشتیی میسر، ئەو سەرکردانەی ئیخوان تاوانبارن بە پێدانی چەک و پارە بە لایەنگرانیان تاوەکو رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی میسر ببنەوە. لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکانی سەکۆدا، 120 کەس کوژران کە بەگوتەی داواکاری گشتی، سەرجەمیان لایەنگری ئیخوان و چەکدار بوون.
هەروەها بەگوێرەی ئەو کەیسەی لەدژی سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین ئامادەکراوە، تۆمەتبارکراون بەوەی "سەرکردایەتیی کۆمەڵەی ئیخوانیان کردووە، کە کۆمەڵەیەکی نایاسایی و قەدەخەکراوە لە میسر و ئامانجی ئەو کۆمەڵەیە، گۆڕینی دەسەڵات لە رێگەی هێزەوە بووە. هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر تاک و دامەزراوە و هێزە فەرمییەکانی میسر و بەکارهێنانی چەک و پارە، بەمەبەستی ترساندنی خەڵک و گرتنەبەری رێگەی تیرۆر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان".
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، رەخنەیان لە شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی میسری گرتووە، بەرامبەر بەو کەیسە و سزای لەسێدارەدان بەسەر سەرکردەکانی ئیخواندا بەتایبەتی لەدوای لەسەر کارلادانی محەممەد مورسی لە ئابی 2013.
لە ساڵی 2015، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لەدوای لادانی مورسی و بەهۆی خۆپێشاندان و شەڕوپێکدادانەکانی دوای ئەو رووداوە، لانیکەم هەزار و 185 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ