ئەمریکا: چاوەڕوانی وەڵامی حەماسین لەبارەی پێشنیازی ئاگربەست

04-02-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەنێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر، پێشنیازێکی ئاگربەست دراوەتە حەماس کە 100 بارمتەکەی ئیسرائیل ئازاد بکات لەبەرامبەر ئاگربەست، بەڵام تاوەکو ئێستا حەماس وەڵامی نەداوەتەوە.
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی ئێستا لەسەر حەماس ماوەتەوە بێتە پێشەوە و وەڵامی پێشنیازەکەیان لەبارەی گفتوگۆکان بداتەوە. 
 
نە حەماس دەڵێ چەند بارمتەیان لەدەستدا ماوە، نە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکاش زانیاری لەبارەوە هەیە، بەڵام ئەگەر ئاگربەست رابگەیێندرێت، ئەوانەی ماون، ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا ئاگربەستێک رادەگەیێندرێت و فەلەستینییە زیندانیکراوەکانی ئیسرائیلیش ئازاد دەکرێن.
 
ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیادکردووە بۆ ئەوەی دەرگای واڵاتر بێت بەڕووی ئاگربەست، هەروەها جیدیتربێت لە خۆبەدوورگرتن لە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل.
 
سەرەتای هەفتە، وەزیرێکی کابینەی جەنگیی نەتەنیاهوو گوتی، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بووایە، ئازادی زیاتری دەدایە ئێمە بۆ ئەوەی شەڕی حەماس بکەین.
 
ئەمە کاردانەوەی لەنێوخۆی ئەمریکا و بەتایبەتی لەنێو سیاسەتڤانان لێکەوتەوە، ئەو ناکۆکییەشی زیاتر زەقکردەوە کە لەنێوان بایدن و نەتەنیاهوو لەبارەی رژدبوون بۆ بەردەوامبوون لە هێرشی سەر غەززە درووستبووە.
 
ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا، دانی بەوەدانا کە جیاوازی لەنێوان بیروڕای ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی شەڕی غەززە هەیە.
 
نەتەنیاهوو گوتی "ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، سوپاسی پاڵپشتیی ئیدارەی بایدن دەکەین کە لەوەتەی جەنگ هەڵگیرساوە پێشکێشی کردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە جیاوازی لە بیروڕا لەنێوانماندا نییە."
 
لە شوێنێکی دیکەدا نەتەنیاهوو دەڵێت "پێویست ناکات هاوکاری بکرێین لەوەی چۆن پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رایی بکەین."
 
نەتەنیاهوو رژدبوونی خۆی لە تێكشاندنی حەماس نیشاندا و رۆژی شەممە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح چڕکردەوە و دوور نییە هێرشی زەوینیش بۆ ئەوێ دەستپێبکات، کە پەناگە و دوا هیوای زۆربەی فەلەستینییەکانە لە باشووری غەززە لەکاتێکدا زۆربەی بەشەکانی دیکەی کەرتەکەش لە هێرش نەپارێزراون.
 
ژمارەی کوژراوان و برینداربووان لەنێو خەڵکی غەززە لەبەرزبوونەوەدایە و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حەماس، تەنیا لە 24 کاژێردا 127 کەس کوژراون و ژمارەی کوژراوانیش لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ 27 هەزار و 365 کەس بەرزبووەتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە