رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو، دەستەی تەحریری شام هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە شاری حەلەب و سوپای سووریایان لەو شارە دەرکرد و دەستکەوتی 13 ساڵەی بەشار ئەسەدییان لە شەڕی 13 ساڵەی سووریا پێچەوانە کردەوە.
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە سووریا، نەخشەی سووریا چۆن دابەش بووە و کێن ئەوانەی خاکی ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدایە؟
دەستەی تەحریری شام
دەستەی تەحریری شام گرووپێکی چەکدارییە لە 28-01-2017 دامەزراوە. ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەکەیە؛ ئەبو جابر شێخ، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و ئەبو عوبەیدە کەنسەفرە فەرماندەی باڵای چەکدارییەتی.
پێشتر ناوی گرووپەکە (بەرەی نوسرە) بوو کە سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو و لە ساڵی 2011 دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 2017 جیابوونەوەی لە رێکخراوی قاعیدە راگەیاند و ناوی بۆ دەستەی تەحریری شام گۆڕی.
دەستەکە پێشتر بەشێکی پارێزگای ئیدلب، بەشێکی باکووری لازقییە، رۆژئاوای حەلەب و باکووری حەمای لە باکووری رۆژئاوای سووریا کۆنترۆڵ کردبوو.
چوارشەممەی رابردوو، دەستەی تەحریری شام لە حەلەب هێرشی کردە سەر سوپای سووریا و جگە لە دوو گەڕەکی کوردی شارەکە، کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە، زۆربەی پارێزگاکەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا دەرهێنا.
کۆنترۆڵکردنی حەلەب لەلایەن دەستەی تەحریری شام، دوای ئەوە دێت کە سووریا بە پاڵپشتی رووسیا چەندین ساڵ بوو پێگەی خۆی لەو ناوچەیە بەهێز کردبوو.
بە کۆنترۆڵکردنی حەلەب، دەستەی تەحریری شام، ئەو خاکەی کە لەژێر کۆنترۆڵی دابوو، بۆ دوو هێندە زیاد کرد.
جگە لە حەلەب، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام پێشڕەوییەکانیان بەرەو پارێزگای حەما لە نێوەڕاستی سووریا دەستپێکردووە.
حکومەتی سووریا
لە قۆناخەکانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا، سوپای ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی گرووپەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی لەسەر بەشێکی خاکی وڵاتەکەی لەدەستدا.
دوای ئەوەش بە پاڵپشتیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی و دەستوەردانەکانی رووسیا لە کانوونی یەکەمی 2015، حکومەتی سووریا دۆخەکەی لە بەرژەوەندی خۆی گۆڕی.
حکومەتی سووریا دەسەڵاتی بەسەر هەریەکە لە ناوچەکانی نێوەڕاستی پارێزگای حومس، زۆربەی گەڕەکەکانی حەما و تەواوی تەرتووس و زۆربەی پارێزگای لازقییە هەیە.
هەروەها حکومەتی سووریا تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی کەمی باکووری پارێزگای حەلەب، بەشێکی پارێزگای رەققە و نزیکەی نیوەی پارێزگای دێرەزوور هەیە.
سوپای سووریا لەلایەن هەریەکە گرووپە خۆجێییەکان و چەکدارانی گرووپەکانی نزیک لە ئێران پاڵپشتی دەکرێن.
هەروەها سوپای رووسیا لە چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا جێگیر کراون، لەنێویاندا لە بنکەی سەربازیی حمیمیم کە دەکەوێتە پارێزگای لازقییە لەسەر دەریای نێوەڕاست.
شەڕڤانان
لە ساڵی 2012، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کشانەوە، ئەوەش زەمینەی بۆ کوردەکان خۆشکرد بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری.
لە ساڵی 2015، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دامەزرا، کە هاوپەیمانییەکی چەکدارییە و لە چەکدارانی کورد، کریستیان و عەرەبەکانی سووریا پێکدێت.
هەسەدە ئێستا یەک لەسەر چواری خاکی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە و لە دوای سوپای سووریا، بە دووەم بەهێزترین هێزی نێو سووریا دادەندرێت.
بە گوێرەی خەملاندنەکان، نزیکەی 3 ملیۆن کەس لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەژین، کە 75٪ـییان کوردن.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، جگە لە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوی کوردستان، بەشێکی زۆری پارێزگای رەققە و نزیکەی نیوەی گەڕەکەکانی پارێزگای دیرەزووری لەژێر دەستدایە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش دروست بوو، دوو بنکەی سەربازی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دامەزراند.
هێزەکانی ئەمریکا لە هەریەکە لە پارێزگاکان حەسەکە و رەققە جێگیر کراون.
تورکیا و گرووپەکانی هاوپەیمانی
لە هێرشەکەی هەفتەی رابردووی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر حەلەب، گرووپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکەی تەلڕەفعەت هێرشییان کردە سەر هێزە کوردییەکان.
لە هێرشەکەیاندا گرووپەکانی نزیک لە تورکیا، دەستییان بەسەر تەلرەفعەت و گوندەکانی دەورووبەری حەلەبدا گرت.
ئێستا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هەریەکە لە ناوچە سنوورییەکانی تەرابلووس تاوەکو عەفرین و 120 کیلۆمەتری نێوان ناوچەکانی سەرێکانی لە پارێزگای حەسەکە و گرێ سپییان لە پارێزگای رەققە بەدەستە.
لە 2016ـەوە تورکیا توانیویەتی بە چەند ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی، هێزە کوردییەکان لە بەشێکی سنووری باکووری سووریا دووربخاتەوە.
رێکخراوی داعش
رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 "خەلافەتی ئیسلامی"ـیان راگەیاند و بەشێکی خاکی سووریا و عێراقییان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
هەرچەندە رێکخراوەکە لە ساڵی 2019 رووخێندرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڕەشەکانی هەر بەردەوامە و ناوە ناوە هێرشی خوێنانی لەنێو سووریا ئەنجام دەدەن.
چەکدارانی رێکخراوی داعش لە بیابانەکانی سووریا خۆیان حەشارداوە و لەوێوە هێرش دەکەن سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ