رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی فەتح و حەماسی فەلەستینی رایانگەیاند، رێککەوتوون بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە دوای جەنگ.
رۆژی سێشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2024، تیمی هەریەک لە بزووتنەوەی فەتح و بزووتنەوەی حەماس رایانگەیاند، رێککەوتوون کە لەدوای جەنگ کەرتی غەززە بە لیژنەیەکی هاوبەش بەڕێوەببەن.
لیژنەکە لە 10 بۆ 15 کەس پێکدێت و بەرپرس دەبن لە کارەکانی ئابووری، پەروەردە، تەندروستی، هاوکارییە مرۆییەکان و دووبارە بونیاتنانەوەی غەززە. هەروەها، رێککەوتنەکە بە نێوەندگیری میسر بووە و لیژنەکە بەرپرس دەبێت لە بەڕێوەبردنی دەروازەی رەفەحی کەرتەکە لەگەڵ میسر.
تیمی فەتح لەلایەن عەزام ئەحمەد، ئەندامی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە کەرتی رۆژئاواوە سەرۆکایەتی دەکرا، تیمەکەی حەماسیش لەلایەن خەلیل حەییە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماسەوە سەرۆکایەتی دەکرا. بڕیارە ئەمڕۆ عەزام ئەحمەد بگەڕێتەوە بۆ رامەڵـڵا بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی کۆتایی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی.
ئەو رێککەوتنە لەکاتێکدایە؛ ئەمریکا، میسر، تورکیا و قەتەر لە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و لێک نزیککردنەوەی زیاتری بەرپرسانی حەماس و ئیسرائیل.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جارێک رایانگەیاندووە، یەکێک لە مەرجەکانیان ئەوەیە کە نابێت حەماس رۆڵی لە بەڕێوەبردنی کەرتەکە لە دوای جەنگ هەبێت، ئەم بۆچوونەش لەلایەن بزووتنەوەکەوە رەتدەکرایەوە، بەڵام پێدەچێت رێککەوتنی ئەمڕۆی حەماس و فەتح وەکو نێوەندگیری هەردوو بەرەی جەنگەکە بێت.
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. رۆژێک دواتر، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە کرد. رۆژی 13ی مانگیش، دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر کەرتەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ