رووداو دیجیتاڵ
ئەردۆغان لەگەڵ پووتین بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی تورکیا رایدەگەیێنێت: وڵاتەکەی داکۆکی لە یەکپارچەیی سووریا دەکات. سەرۆکی رووسیاش داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکات.
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە لەبارەی دۆخی سووریا.
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە کە ئەردۆغان بە پووتینی راگەیاندووە، "تورکیا داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و هەوڵیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ قەیرانی سووریا دەدات."
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە، "دەبێت ئەسەد لە چارەسەرکردنی کێشەی سووریا بەشداربێت. نابێت سووریا ببێتە سەرچاوەی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشداوە کە رێگەنادەن هێزەکانی نزیکی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەو دۆخەی لە سووریا هاتووەتە پێشەوە بقۆزنەوە. داواشی کرد نابێت خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج.
لە بەرامبەردا، بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی رووسیا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، پووتین بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، "پێویستە بە خێرایی کۆتایی بە هێرشە تیرۆرستییەکانی گرووپە تووندڕۆکان لە دژی دەوڵەتی سووریا بێت."
لە راگەیێندراوەکەی کرێملن دا هاتووە کە هەردوو سەرۆک داوایان کردووە هەوڵەکانی یەکبخرێن بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ سووریا و هەروەها جەختیان لە یەکخستنی هەوڵەکانی رووسیا، تورکیا و ئێران کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ