رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئەو شوێنی ئاهەنگگێڕانەی ئیسرائیل کە چەکدارانی حەماس لە 7-10-2023 هێرشیان کردە سەر و تێیدا نزیکەی 240 کەسیان بە بارمتەگرت، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیلی نێوەڕۆکی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی سوپای وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر وڵاتەکە بڵاوکردەوە، کە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت و لەنێویاندا 'پشتبەستنی زۆر بە تەکنەلۆژیا' وەک یەکێک لە خاڵە لاوازەکان باس دەکرێت .
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی نێوەڕۆکی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی سوپای ئیسرائیلی لەبارەی هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2024 بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەوەی میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی "لێکدانەوەیەکی هەڵە" سوپای ئیسرائیل سەرکەوتوو نەبوو لە وەڵامدانەوەیەکی گونجاوی مەترسییەکانی ئەو کات. فەرماندەیی باشووری ئیسرائیل، پێیوابوو تێکشکاندنی دیواری نێوان غەززە و وڵاتەکەیان "مەحاڵە" و "ناتوانن پێیدا تێپەڕن."
ساڵی 1994، ئیسرائیل دەستی بە دروستکردنی دیوارێک لەگەڵ غەززە کرد. درێژیی دیوارەکە 60 کیلۆمەترە و ساڵی 1996 تەواوکرا.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل. ئەم هەنگاوەی بە هێرشکردنە سەر یەکەی پاسەوانی دیواری نێوان غەززە و ئیسرائیل و تەقاندنەوەی دیوارەکە لە چەند قۆڵێکەوە دەستپێکرد.
لەو راپۆرتەدا ئەوەش هاتووە، سوپای ئیسرائیل زیاد لە پێویست پشتی بە کامێرای چاودێری و تەکنەلۆژیا بۆ پاراستنی دیوارەکە بەستبوو، کە لەکاتی هێرشەکەدا یەک لەدوای یەک، لەکارکەوتبوون. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نەبوونی سەربازی پێویست لەو ناوچانە بە هۆکارێکی دیکەی شکستهێنان لە وەڵامدانەوەی هێرشەکە دەزانێت.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نزیکەی 40 لاپەڕەیە و بڕیارە دوای نزیکەی دوو هەفتە، لەلایەن هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیلەوە بڵاوبکرێتەوە.
پوختەی راپۆرتەکە:
- هەڵەلێکدانەوەی گشتیی سوپا، بووە هۆی نەبوونی وەڵامدانەوەیەکی پێویست بۆ مەترسییەکان.
- فەرماندەیی باشوور، پێیوابووە تێکشکاندنی دیواری نێوان ئیسرائیل و غەززە مەحاڵە، بەو هۆیەوە رێکاری پێویست نەگیرابوونەبەر.
- بەهەڵە لێکدانەوە بۆ هەواڵگری کراوە. سوپا پێیوابووە پێش هەر هێرشێک لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
- زیاد لە پێویست پشت بە تەکنەلۆژیا و کامێرای چاودێری بۆ پاراستنی دیواری جیاکەرەوە بەسترابوو.
- نەبوونی سەربازی پێویست لەو ناوچانە، بووە هۆی سەرکەوتنی چەکدارانی حەماس.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و رۆژانی دواتردا چی روویدا؟
لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران. هەروەها، 250 بارمتەش کەوتنە دەست حەماس کە هێشتا 100ـیان لەلا ماون. رۆژێک دواتر، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە کرد. رۆژی 13ـی هەمان مانگیش، دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر کەرتەکە کرد.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، پێش جەنگ، حەماس نزیکەی 25 بۆ 30 هەزار چەکداری هەبووە کە لەماوەی جەنگی غەززە 17 هەزاریان کوژراون، دیارترینیان یەحیا سینوار، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە بوو. سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، تەنیا لە جەنگی غەززە دا زیاتر لە 808 سەربازیان کوژراون.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 44 هەزار و 466 کەس کوژراون و 105 هەزار و 358ـی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جیا لە ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی لە کۆی 2.4 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ