وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: ئامادەین هەوڵی کارا بدەین بۆ رێگریکردن لە زیاتر خراپبوونی دۆخی سووریا

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی رووداو و پێشهاتەکانی ئەمدواییەی سووریا، بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەیان نیگەرانە لەو رووداوانە و پشتگیری بۆ هەوڵەکانی حکومەتی سووریا دووپاتکردەوە بە سەقامگیرکردنەوەی دۆخی سووریا.
 
رۆژی سێشەممە، 03ی کانوونی یەکەمی 2024. لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی پرسیارێکی مەهدی فەرج، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چین، کە لەرێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی داوەتەوە، رایگەیاند: "چین لەبارەی دۆخی باکووری رۆژئاوای سووریا زۆر نیگەرانە و پشتگیریش لە هەوڵەکانی سووریا دەکات بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی."
 
لە وەڵامەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دا هاتووە "هەروەکو دۆستێکی سووریا، چین ئامادەیە هەوڵی کارا بدەین بۆ رێگرییکردن لە زیاتر خراپبوونی دۆخی سووریا." 
 
لین جیان داوا لە هاووڵاتییانی چین دەکات (ئەوانەی ئێستا لە سووریان)، بەزووترین کات سووریا جێبهێڵن. "خوازیارین ئەوە وەبیر هەموو چینیییەک بهێنینەوە کە ئێستا لە سووریان، بەئاگاییەوە مامەڵە بکەن و لە زووترین کاتیشدا وڵاتەکە بەجێبهێڵن یانیش بچنە ناوچەیەکی ئارامتر و لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا، بەزووترین کات پەیوەندی بە باڵیۆزخانەوە بکەن."
 
چین بە یەکێک لە هاوپەیمانی حکومەتی سووریا و بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرێت و لە ئەیلوولی 2023، لەدوای نزیکەی 19 ساڵ، بەشار ئەسەد سەردانی چینی کرد و لەوێ لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، شی جین پینگ، "هاوبەشییەکی ستراتیژییان" راگەیاند و سەرۆکی چین گوتی، وڵاتەکەی "پشتیگریی سووریا دەکات لە بەرامبەر بە دەستوەردانی دەرەکی."