رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان پێیان وایە کە تاکە چارەسەر بۆ قەیرانی سووریا جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی کانووی یەکەمی 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "بە تێڕوانینی ئەمریکا، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی بکات، کە هاوتا بێت لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان."
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 بڕیارنامەی 2254ی دەرکرد کە داوای وەستاندنی جەنگ، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا و هەڵبژاردن دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
هەروەها گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت هەموو وڵاتان هەموو ئەو شتانەی کە لە توانایان دایە بیکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە هێور بکەنەوە، ئێمە نامانەوێت گرژییەکان زیاتر ببن لەم کاتە هەستیارەدا."
پاتێڵ لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریا و پێشکێشکردنی یارمەتی مرۆیی گوتی، "پێشکێشکردنی یارمەتیی مرۆیی گونجاو زۆر گرنگە، ئێمە بۆ ساڵانێکی زۆر دابینکەری گرنگ و بەهێزی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتووە... ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە و ئەگەر پێویستیش بکات، هەنگاوی پێویست دەنێین."
لە چوارشەممەی رابردووەوە دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چووە. ئەمە دوای ئەوەی دەستەی تەحریر شام و هێزە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر سوپای سووریا و هێزە نزیکەکانی لە پارێزگای حەما کرد.
ئێستا سووریا لەلایەن نزیکەی چوار دەستە و گرووپی جیاوازەوە کۆنترۆڵکراوە. زۆرترینی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت و هێزە نزیکەکانیەتی، دوای ئەوە هەسەدە و هێزە نزیکەکانی و ئەوەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام و هێزەکانی نزیک لە تورکیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ