هەزاران ئیسرائیلی داوای وازهێنانی بنیامین نەتەنیاهوو لە پۆستەکەی دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لە بەشێک لە شارەکانی ئیسرائیل خۆپێشاندان دژی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و درێژەکێشانی جەنگی غەززە کرا، خۆپێشاندەران دەڵێن، نەتەنیاهوو هۆکاری بەشێک لە قەیرانەکانە.
 
شارۆن هودەرلاند، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "ماوەی ساڵێکە لە هەوڵی لەکەدارکردنی سیستمی دادوەریماندایە. ئەو کات ئێمە لە شەقامەکان بووین لەپێناو دیموکراسییەکەمان. ئەوەی کە پەیوەندی بە جەنگەوە هەیە، لەلایەن سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە ئاگادار کرابوویەوە، بەڵام گرنگی بەو هۆشدارییانە نەدا و کوشتارەکەی 7ی تشرینی یەکەمیش باجەکەی بوو؛ ئەو دەستی خوێناوییە، بەرپرسیارە و دەبێت بڕوات." 
 
لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، هەزاران ئیسرائیلی رۆژانی شەممە بۆ ماوەی نۆ مانگ خۆپێشاندانیان دژی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران بۆ هەموارکردنەوەی سیستمی دادوەری دەکرد، دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەش، ئیسرائیلییەکان هەر لە شەقامن، بەڵام ئەمجارەیان دژی بەردەوامی جەنگ و ئازادنەکردنی بارمتەکان. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێمە لە شەڕکردن بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی سەرجەم ئامانجەکانمان بەدەستدەهێنین و زۆر زەحمەتیشە هەموو ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنیت، بێ ئۆپەراسیۆنی زەوینی. هێرشی زەوینی زۆر پێویست بوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامەی تائێستا بەدەستهاتوون و پێویستیش دەبێت بۆ قۆناخی داهاتوو."
 
نوێترین راپرسی کە لەلایەن پەیمانگەی لازار بۆ توێژینەوە لە مانگی رابردوو کراوە، دەریدەخات، 49٪ـی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ئەوەدا نین نەتەنیاهوو لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
 
هەمان راپرسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، لیکود کە پارتەکەی نەتەنیاهووە، لەو 32 کورسیەی لە دوایین هەڵبژاردن بەدەستی هێنا، تەنیا 19 کورسی دەباتەوە.