کوژراوانی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل و گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوا گەیشتنە 10775 کەس
رووداو دیجیتاڵ
دوای 28 رۆژ لە دەستپێکردنی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل، 10 هەزار و 632 کەس کوژراون و زیاتر لە 38 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواشەوە، 143 کەس کوژراون.
رۆژی هەینی، 3-11-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین، نۆ هەزار و 227 کەس کوژراون کە سێ هەزار و 826 کەسیان منداڵ و دوو هەزار و 405 کەسی دیکەشیان ژن بوون؛ هاوکات، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 32 هەزار 516 کەس بریندار بوون کە شەش هەزار و 360 کەسیان منداڵ و چوار هەزار و 891 کەسی دیکەشیان ژنن.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرش و مووشەکەکانی چەکدارانی کەرتی غەززەیشەوە هەزار و 405 ئیسرائیلی کوژراون کە 422 کەسیان پۆلیس و سەرباز بوون و لانیکەم پێنج هەزار و 431 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات 242 بارمتە لای بزووتنەوەی حەماسن لە کەرتی غەززە.
بە گوێرەی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە کەرتی رۆژئاوا لانیکەم 143 کەس کوژراون کە 41 کەسیان ژن و منداڵ بوون و لانیکەم دوو هەزار و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات، لەو کاتەوە لە کەرتی رۆژئاوا زیاتر لە هەزار و 900 کەس دەستگیرکراون.
شەڕی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.