سوپای ئیسرائیل: لە بەیرووت هێرشمانکردە سەر بارەگای هەواڵگریی حیزبوڵڵا

34 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی "بارەگای سەرەکیی هەواڵگریی حیزبوڵڵا". هەروەها دەڵێت: "تیرۆریست، ئامێر، ژێرخان و ناوەندی فەرماندەیی" کراونەتە ئامانج.
 
رۆژی پێنجشەممە 03-10-2024 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێکی هەواڵگریی حیزبوڵڵا لە بەیرووت؛ لەوانەش چەند تیرۆریستێک لەنێو بارەگای هەواڵگری، چەندین ئامێری کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و چاودێریکردن، ناوەندی فەرماندەیی و چەندین ژێرخانی دیکەی تیرۆریستی."
 
تاوەکو ئێستا حیزبوڵڵای لوبنان هیچ راگەیێندراوێکی لەسەر ئەو هێرشە نەبووە. 
 
رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، حیزبوڵڵا بەشێوەیەکی سنووردار هاتە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر ئیسرائیل؛ بەڵام دۆخەکە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بە تەواوی تێکچوو، کاتێک ئیسرائیل دەستی بەهێرش و بۆردوومانی چڕکرد بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت. ئەوەی زیاتر گۆمەکەی شڵەقاند، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بوو لە بەیرووت بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل. ئیسرائیل ئەوکات رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵا، بەڵام ناوی هیچ سەرکردەیەکی ئەو بزووتنەوەیان نەهێنا کە کرابێتە ئامانج.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل کە نەسروڵڵای تێدا کرایە ئامانج لە 28-09-2024 کرا، بەڵام کوژرانی ئەمیندارەکە لەلایەن ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش رۆژێک دواتر پشتڕاستکرایەوە. ئێران ئەوکات رایگەیاند: "خوێنی بەفیڕۆ ناچێت." 
 
رۆژی 01-10-2024 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل. ئەوان گوتیان، لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵایە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد، باجەکەشی دەدات."
 
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لەماوەی 11 مانگی رابردوو، لانیکەم 1600 کوژراون و نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش لە ترسی جەنگ ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆککۆماری ئێران و میری قەتەر، وێنە: AFP

مەسعود پزیشکیان: ئیسرائیل وەڵام بداتەوە هێرشی تووندتری دەکەینەسەر

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەوان بەدوای شەڕەوە نین و تەنیا دژکردەوەیان بۆ ''کوشتار''ـی ئیسرائیل هەیە، گوتیشی، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی سێشەممە بداتەوە، تووندتر هێرشی دەکەنەوە سەر.