راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ رووداو: خەریکە کوردستانی عێراق دەبێتە جەمسەرێکی ئابووریی ناوچەکە

 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ناوچەی ئازادی بازرگانی - پیشەسازی و ئابووریی ئێران دەڵێت، دەتوانن پەرە بە بازرگانییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەن و "خەریکە کوردستانی عێراق دەبێتە جەمسەرێکی ئابووریی ناوچەکە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە پەراوێزی چوارەمین پێشانگەی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی، راوێژکاری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ناوچەی ئازادی بازرگانی - پیشەسازی و ئابووریی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قەبارەی بازرگانیی نێوان کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە و بەپێی ئامارێک کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ خستیانەڕوو، ساڵانە شەش ملیار دۆلار بازرگانی لە نێوان کوردستانی عێراق و ئێران دەکرێت."
 
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی دەڵێت، "ئێمە پێمانوایە کوردستانی عێراق خەریکە بەرەو جەمسەرێکی ئابووری ناوچەکە دەچێت، بەجۆرێک کە دەتوانێت بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە نێوخۆی ئێراندا بەرهەمدێن، بگوازرێنەوە ناوچەی کوردستانی عێراق و لەوێوە بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە و بۆ وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە و تەنانەت دەرەوەی ناوچەکەش هەناردە بکرێن."
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی:
 
رووداو: قەبارەی بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چەندە و تا چەند لێی رازین؟
 
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: قەبارەی بازرگانیی نێوان کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە و بەپێی ئامارێک کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ خستیانەڕوو، ساڵانە شەش ملیار دۆلار بازرگانی لە نێوان کوردستانی عێراق و ئێران دەکرێت. 
 
رووداو: لەو ئاستەی ئێستا رازین؟
 
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: ئەوە دەتوانێ زۆر زیاتر بێت، ئێمە پێمانوایە کوردستانی عێراق خەریکە بەرەو جەمسەرێکی ئابووری ناوچەکە دەچێت، بەجۆرێک کە دەتوانێت بەرهەمەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە نێوخۆی ئێراندا بەرهەمدێن، بگوازرێنەوە ناوچەی کوردستانی عێراق و لەوێوە بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە و بۆ وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە و تەنانەت دەرەوەی ناوچەکەش هەناردە بکرێن. لەو رووەوە ئەو شەش ملیارەی باس دەکرێت، بە بۆچوونی ئێمە دەتوانێ زۆر لەو ژمارەیە زیاتربێت، بەتایبەت بە کرانەوەی ناوچە ئازادەکان لە سنووری نێوان ئێران و کوردستانی عێراق کە ناوچەی ئازادی بانە - مەریوان لەم یەک دوو هەفتەیەی داهاتوودا کارەکانی بە فەرمی دەستپێدەکات، توانای ئەو بازرگانییە و بەتایبەت رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرمایەگوزاری بازرگانانی عێراقی لەو ناوچە ئازادە دەستەبەر دەبێت. ئەو ئازیزانە دەتوانن ئەو بەرهەمانەی دەیانەوێت لە کوردستانی عێراق بیفرۆشن، یان بۆ وڵاتانی دیکەی هەناردە بکەن، لە ناوچەی بانە – مەریوان کە ناوچەی ئازادە، بەرهەم بهێنن. تایبەتمەندییەکەشی ئەوەیە 20 ساڵ لێخۆشبوونی باجیان بۆ دەکرێت و لێخۆشبوونی گومرگی هەمیشەییان دەبێت و لەڕووی کارگێڕی و تێچووی بەرهەمهێنان، بارودۆخەکە بۆ ئەوان زۆر گونجاوە و دواتر دەتوانن بەرهەمەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بگوازنەوە و هەناردەی بکەن. بە روودانی ئەمە، چاوەڕوانی ئەوەین لە ساڵانی داهاتوو ئاستی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران چەند ئەوەندەی ئێستای لێبێت.
 
رووداو: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بووە بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئێرانەوە بچێتە بازاڕەکانی جیهان؟
 
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: بەهەرحاڵ هەرێمی کوردستانی عێراقیش دراوسێی باشی هەن، لەوانە تورکیا. لە رێگەی خاکی عێراقەوە دەتوانێ دەستی بەمە رابگات و بە بۆچوونی ئێمە ئەو هەڵکەوتە ژیۆ ئیکۆنۆمییەی کە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیەتی، دەست پێڕاگەیشتنی باش و گونجاوی هەیە بۆ هەناردەی بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ وڵاتانی دیکە. هەرچەند یەکێک لە دەروازە بنەڕەتی و گونجاوەکان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق خاکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئێران جوگرافیایەکی زۆر هەستیار و تایبەتی لە جیهان و ناوچەکەمان هەیە کە لە بواری ترانزیتی باکوور– باشوور، رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتدا دەتوانێت دەوری بنەڕەتی ببینێت، بۆیە هەرێمی کوردستانی عێراق بێگومان بۆ گواستنەوەی کاڵاکانی دەتوانێ پشت بە خاکی ئێران ببەستێت.