دەیان مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە دەیان مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاڕاستەی ناوچەی جەلیل لە باکووری ئیسرائیل کران. 
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بەشێکی زۆری مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیل، ئایرن دۆمەوە بەرپەرچدراونەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 50 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراون. 
 
 
هەروەها لە ناوچەکانی کیرات شمۆنا و چەند ناوچەیەکی دەورووبەری لە باکووری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. 
 
پێشتر ئیسرائیل هاووڵاتییانی لەو ناوچانە ئاگادارکردبووەوە کە لە نزیک پەناگەکان بمێننەوە و ئامادەبن. 
 
هێرشەکە لە چوارچێوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە لە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵا لە لوبنان، هەروەها کوژرانی ئیسماعیل هەنییە. هەرچەندە ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بە فەرمی دانی بە کوشتنی هەنییەدا نەناوە. 
 
ئێران بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی هەنییەی داوە لە ئیسرائیل، حیزبوڵڵاش کە گرووپی باڵادەستە لە لوبنان و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە پشت هاویشتنی مووشەکەکانەوە بووە.
 
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆ یەکەم جار بە دەیان کاتیۆشا کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەیت هیللی داگیرکراومان بۆردوومان کرد."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە