'بایدن بە نەتەنیاهووی راگەیاندووە ئەگەر گرژییەکان زیادبکات، بەتەمای ئەمریکا نەبێت'

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە کە زیادکردنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوەستێنێت و دەستبەجێ هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس بدات، بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بکەوێتە جەنگەوە، ئەوا دەبێت چاوەڕێی یارمەتیی ئەمریکا نەکات. 
 
بە گوێرەی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، جۆ بایدن و بەرپرسانی کابینەکەی، لە کوشتنی فوئاد شوکر، سەرکردەی دیاری سەربازیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران "زۆر پەست و توڕەن،" کە هەردووکیان کەمتر لە هەفتەیەک دوای سەردانی نەتەنیاهوو بۆ کۆشکی سپی کوژران. بە پێی ئەکسیۆس، ئەمریکا پێیوایە هەنییەش لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.
 
پێگەکەکە ئاماژە بەوە دەکات، بایدن و کابینەکەی پێیانوایە، نەتەنیاهوو بێ پرس و راوێژی ئەوان ئەو دوو کەسەی کوشتووە، لە کاتێکدا کە هەفتەیەک پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد، گوێڕایەڵی داواکەی بایدن دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حەماس بگاتە رێککەوتنێک لەسەر غەززە. 
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، بایدن پەیوەندی بە نەتەنیاهووە کردووە بۆ ئەوەی باس هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوانیان بکەن بۆ ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئێران و حیزبوڵڵا بدەنەوە ئەگەر ویستیان تۆڵە بکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمریکا دڵگرانی خۆی بەرامبەر کارەکانی ئەم چەند رۆژەی نەتەنیاهوو دەربڕیوە. 
 
یەکێک لەو بەرپرسانە ئاماژەی بەوە کردووە، بایدن گلەیی ئەوەی لە نەتەنیاهوو کردووە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر هەردووکیان لە کۆشکی سپی گفتوگۆیان لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست کردووە، بەڵام لە بری ئەوە، نەتەنیاهوو پلانی کوشتنی هەنییەی لە تاران پەسندکردووە.
 
بایدن بە نەتەنیاهووی گوتووە، ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئێراندا یارمەتیی ئیسرائیل دەدات، بەڵام پێی باش نییە دوای ئەوە، ئیسرائیل هێرشی زیاتر بکاتە سەر ئێران، بەڵکو دەبێت دەستبەجێ کار بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حەماس بکات بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن و جەنگ لە غەززە بوەستێنرێت.