ئێران و کوێت: دەستبەرداری مافی خۆمان لە کێڵگەی گازی دورە-ئارەش نابین

03-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی ئێران لەبارەی ناکۆکییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کوێت لەسەر کێڵگەی گازی دورە-ئارەش رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی خۆیان نابن.
 
جەواد ئۆجی، وەزیری نەوتی ئێران رۆژی چوارشەممە 02-08-2023 لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی لە تاران گوتی، "بە کوێتمان راگەیاند، ئێمە ئامادەین وەکو کێڵگە هاوبەشەکانی دیکە ئەم کێڵگەیەش بە هاوبەشی بەڕێوەببەین و ئەمە بە مافی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانین."
 
وەزیری نەوتی ئێران راشگەیاند، "ئەگەر کوێت خوازیاری ئەم هاوکارییە نەبێت، ئێمە ئەرکی خۆمان دەزانین و تۆزقاڵێکیش دەستبەرداری مافی خۆمان نابین."
 
رۆژی پێنجشەممە 28-07-2023، سەعد ئەلبەڕاک، وەزیری نەوتی کوێت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوزی عەرەبی" رایگەیاندبوو، ئەوان چاوەڕێی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئێران، بۆ دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوان هەردوو وڵات ناکەن و دەست بە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی دورە (ئارەش) دەکەن."
 
وەزیری نەوتی کوێت هەروەها رایگەیاندووە، تەنیا کوێت و سعودیە مافی بەرهەمهێنانی گازیان لەو کێڵگەیەدا هەیە و دەبێت ئێران بە دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی، بیسەلمێنێت کە مافی لەو کێڵگەیەدا هەیە.
 
ئەو لێدوانەی وەزیری نەوتی کوێت دوای ئەوە دێت، کە بەهاری ساڵی رابردوو رێککەوتنێک لەنێوان ئەو وڵاتە و سعودیە بۆ پەرەپێدانی ئەو کێڵگە هاوبەشە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی یەک ملیار پێ سێجا (28 ملیۆن مەتر سێجا) گاز لە رۆژێکدا واژۆ کرابوو.
 
وەکو کاردانەوەش ئێران رایگەیاندووە، ئەو رێککەوتنەی لەنێوان کوێت و سعودیە کراوە، "نایاساییە" و ئەوان دانی پێدانانێن.
 
ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات بەشێکی ئەم کێڵگەیە لە سنوورە ئاوییەکانی خۆیدایە و دەڵێت، هەر جۆرە چالاکییەک بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەو بەشەی کێڵگەکەدا نایاساییە.
 
کێڵگەی دورە-ئارەش کێڵگەیەکی گەورەی نەوت و گازە لە کەنداو و دەکەوێتە نێوان کوێت، سعودیە و ئێران و لەسەر خاوەندارێتیی کێڵگەکە ناکۆکی لەنێوان کوێت و تاران هەیە.
 
بەپێی خەمڵاندنەکان، یەدەگی گازی سرووشتی ئەم کێڵگەیە زیاتر لە 560 ملیار مەتر سێجایە و ئەو بەشەین کە ئێران و کوێت ناکۆکییان لەسەری هەیە، یەدەگی سەلمێنراوی دەگاتە زیاتر لە 220  ملیار مەتر سێجا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە