تاڵیبان دەست بە ریشەکێشکردنی کێڵگەکانی حەشیش و تلیاک دەکات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بڕیاریداوە چیدیکە حەشیش، تلیاک و ماددە هۆشبەرەکان لەنێو خاکی ئەفغانستان نەچێنرێت. وەزیری ناوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە حکومەتی تاڵیبان دەڵێت؛ هەر کەسێک دژی ئەو بڕیارە بوەستێتەوە دەستگیر دەکرێت. 
 
ویلایەتی هێلمەند لە ئەفغانستان چەقی چاندنی حەشیش و تلیاک و هیرۆیینە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت؛ تەنیا ساڵی رابردوو، ئەفغانستان نزیکەی 2.7 ملیار دۆلاری لەو ماددە هۆشبەرانە دەستکەوتووە.
 
ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، سەربازێکی تاڵیبانە کە بە چەکەوە چاودێریی لەنێوبردنی کێڵگەیەکی حەشیش و تلیاک لە ویلایەتی هێلمەندی باشووری ئەفغانستان دەکات. 
 
مولا عەبدولحەق ئاخووند، یاریدەدەری وەزیری نێوخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، "رێبەری باڵامان بڕیاریداوە کە چاندنی تلیاک بە هەموو شێوەیەک قەدەخەبکرێت، بۆیە ئەوانەی دژی بڕیارەکە دەوستنەوە و بەردەوامن لە چاندنی، دەستگیردەکرێن و بە گوێرەی شەریعەت لە دادگە تایبەتمەندەکاندا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
 
نوور محەممەد لەگەڵ کچەکەی بە ناچاری و بە کوپێک چاوە بە دیار دیمەنی سەراوژێرکردنی کێڵگەکەیەوە دانیشتووە. ئەو یەکێکە لەو ملیۆنان کەسەی کە وەکو سەرچاوەیەکی داهات پشت بە چاندنی تلیاک دەبەستن و مانگانە نزیکەی 300 دۆلارێکیان دەستدەکەوێت.
 
نوور محەممەد، خاوەنی کێڵگەی تلیاک دەڵێت، "ئێمە رووبەڕووی وشکەساڵی و کەمئاوی بووینەتەوە، کێڵگەکەشمان بەو رادەیە گەورە نییە. بۆیە چاندنی بەرهەمەکانی دیکەی جگە لە تلیاک هیچ شتێکمان بۆ پەیدا ناکات. ئەگەر رێگە نەدەن تلیاک بچێنین، هیچمان دەستناکەوێت."
 
ئەفغانستان سەرچاوەی سەرەکیی بازاڕەکانی ئەوروپا و ئاسیایە بۆ ئەو ماددانە. وێڕای خەرجکردنی ملیاران دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، نەتوانرا کۆتایی بە بازرگانییە نایاساییەکە بهێنرێت. 
 
بە گوێرەی راپۆرتی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی رابردوو ئەفغانستان لە نێوان 1.8 ملیار تاوەکو 2.7 ملیار دۆلار داهاتی لە هەناردەکردنی ئەو ماددانە دەستکەوتووە، کە دەکاتە 14٪ی کۆی داهاتی نێوخۆی ئەو وڵاتە.